قائیمقامی سلێمانی: پابەندبوون بەمەرج و رێنماییەكانی كاركردن، سود بەخاوەن شوێنەكان دەگەیەنێت

  2021-01-27 12:27      163 جار بینراوە        کۆمێنت

قائیمقامی سلێمانی رایدەگەیەنێت، مەبەست لە سەردان و پشكنییەكانی لیژنەهاوبەشەكان داخستن و زیانگەیاندن نییە  بەشوێنەكان و دەشڵێت، پابەندبوون بەمەرج و رێنماییەكانی كاركردن لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و خاوەن شوێنەكانیشە.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، سەردانی لیژنە هاوبەشەكان بۆ دوكان و بازاڕ وشوێنە گشتییەكان و پشكنین بۆ ئەو كاڵاوشمەك و خواردەمەنیانەی لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەكاردەهێنرێت، بۆ داخستن و زیان گەیاندن نیە بەخاوەن شوێنەكان، بەڵكو ئامانجی سەرەكی لیژنەكان پابەندبوونی شوێنەكانە مەرج و رێنماییەكانی كاركردن.
وتیشی، لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی سەرجەم رێنماییەكانی دەزگا خزمەتگوزارییەكانی حكومەت جێبەجێ دەكات و هەرشوێنێكیش پابەند نەبێت، شوێنەكە روبەوڕوی رێكارە یاساییەكان دەكرێتەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەشكرد، پێویستە خاوەن شوێنەكان پابەندی سەرجەم ‌مەرج و رێنماییەكانی كاركردن بن كەئەمەش خزمەت كردنە بە بەرژەوەندی گشتی و هەروەها پابەندبوون دەبێتە هۆی دروستبونی متمانە لەنێوان بازرگان و دوكاندار و هاوڵاتیان و كڕیارانیشدا.
سۆلاڤ ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی پێنج (رۆشنبیری)ـی سەربەلیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی وتی، یەكەم مەرجی كاركردن لەو شوێنانەی لەبوارەكانی (كتێبخانە، فۆتۆكۆپی و وێنەگران، پەڕاوگە، وێنەگرانی گەڕۆك،  مۆرهەڵكەن، چاپخانە، دیزاین و ریكلام، كۆمپانیاكانی فیلم و سینەما) كاردەكەن، پابەندبوونە بەهەبونی مۆڵەت و نوێكردنەوەی، بۆیە پێویستە سەرجەم شوێنەكان مۆڵەتی كاركردن لەلایەنە پەیوەندیدارەكان وەربگرن.
وتیشی، لەماوەی پازدە رۆژدا لیژنەكە (90) سەردانی بۆ شوێنەكان كردوە، بەشێكی كەمیان پابەندی رێنماییەكانن بۆیە پسوڵەی ئاگاداركردنەوەیان بۆ دەرهێنانی مۆڵەت و جێبەجێكردنی مەرجەكانی كاركردن پێداون.
راشیدەگەیەنێت: ئامانج لەدروستكردنی لیژنەكە رێكخستنەوەی كارەكانی ئەو شوێنانەیە و جیاكردنەوەی پیشەكانیانە بەپێی تایبەتمەندی مۆڵەتەكەیان.
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو