وه‌فدی‌ دانوستانكاری‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار كۆبووه‌وه‌‌

  2021-01-27 19:53      97 جار بینراوە        کۆمێنت
لایه‌نێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌

سەرۆك كۆمار لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و بەشیر حەداد و فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆبووەوەو لەكۆبوونەوەكەدا بەگرنگییەوە جەختكرایەوە لە پاراستنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و زامنكردنی مافی تەواوی ناوچە و پێكهاتەكان لە بودجەی گشتی ساڵی 2021 و جیاكردنەوەی بژێوی ژیانی خەڵك لە ململانێ سیاسییەكان.
ئێوارەی ئەمڕۆ 27ی 1ی 2021  د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغدا پێشوازیكرد لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغدا و بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و فراكسیۆنە كوردستانییەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپەیمانی هیوای كوردستانی لە پەرلەمانی عیراق و لەبارەی دواین گۆڕانكارییەكانی دانوستانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ گفتوگۆكرا.
لە كۆبوونەوەكەدا بەگرنگییەوە جەختكرایەوە لەگەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو و بنەڕەتی بۆ كۆتایی هێنان بەكێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و پاراستنی مووچەی مووچەخۆران و بژێوی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان وەك سەرجەم ھاووڵاتیان دیكەی عیراق بێ جیاوازی.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا دووپاتكرایەوە لە پێویستی كۆتایی هێنان بەقەیرانی مووچەو كەمكردنەوەی لێكەوتە داراییەكان لەسەر خەڵك، هاوكات بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی ساڵی 2021 و زامنكردنی مافی تەواوی ناوچە و پێكهاتەكان لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاراستنی مافی سەرجەم هاووڵاتیانی عیراق و هەرێمی كوردستان و جیاكردنەوەی مووچەی خەڵكی كوردستان لە ململانێی سیاسی و كێشمەكێش.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو