بافڵ تاڵەبانی پیرۆزبایی لە عەلی باپیر دەكات

  2021-02-19 19:15      99 جار بینراوە        کۆمێنت

بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆكیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی سەركەوتنی چوارەمین كۆنگرەی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، بروسكەیەكی پیرۆز بایی ئاراستەی مامۆستا عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان كردووە كە ئەمە دەقەكەیەتی:   
بەناوی یەزدانی مەزنەوە 

برای بەڕێزمان مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان.
بەڕێزان لە سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان.

بەبۆنەی بەستن و سەركەوتنی چوارەمین كۆنگرەی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان و هەڵبژاردنەوەی بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر  وەك سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین.

بەستنی كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەكاتێكدایە كە ھەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە رووبەڕووی چەندین گرفتی سیاسی، ئابووری  و قەیران بووەتەوە و لە ھەمووكات زیاتر پێویستمان بە یەكێتییەكی نیشتمانی، لێكتێگەیشتن و زمانی ھاوبەش ھەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكان تاوەكو پێكەوە خزمەتێكی شایستەتری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەین و داكۆكی لە مافە دەستووریی و یاساییەكانمان بكەین.
كۆمەڵی دادگەری لە ھاوكێشە سیاسییەكاندا رۆڵی گرنگ و هاوسەنگی بینیوە و بەشداربو لە بەھێزكردنی قەوارەی ھەرێم، كە ئەمەش جێگەی ستایش و بەرز نرخاندنە.
ئەمڕۆش دوای سەركەوتنی كۆنگرە و ھەڵبژاردنەوەی جەنابتان ئەركی سەرشانتان قورسە و ئومێدەوارین ھەمان رۆڵی رابردوو ببین و هاندەرێكی باشتربێت ، بۆ پتەوكردنی پەیوەندی سیاسیی نێوانمان و سەرخستنی ئیرادەی چاكسازی راستەقینە و زیاتر خزمەتكردنی ھاووڵاتیان و پێداچوونەوە بە سیستمی بەڕێوەبردن و باشكردنی گوزەرانی خەڵك و چەسپاندنی لامەركەزی و گەڕانەوەی متمانە،  لەنێوان ھێز و لایەنە سیاسییە كوردییەكاندا. 

لەم بۆنەیەدا بەدەرفەتی دەزانم جەختبكەمەوە ئێمە لە سەرۆكایەتیی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لە رۆڵ و پێگەی ھێزە سیاسییە كوردییەكان دەڕوانین و لەگەڵ ئەوەداین پێكەوە ھەموومان ئەزموونی ھەرێمەكەمان باشتربكەین و جیاوازی سیاسی و بۆچوونە جیاوازەكانیشمان بخەینە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و بەرەیەكی نیشتمانی یەكگرتوو پێكبھێنین و یەك پەیامی نەتەوەیی ئاڕاستەكراوی كوردستانی بگەیەنینە بەغدا و ناوچەكە. بەرژەوەندی خەڵك و ژیان و گوزەرانیان خەمی لەپێشینەی كاركردنمان بێت و چیتر رێگەنەدەین بەرژەوەندی حزبی، ململانێی سیاسی بڕیار لە چارەنووس و بژێوی ژیانی خەڵك بدات. بۆ ئەوەش ھیمەت و رۆڵی بەڕێزتان و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بە گرنگ دەزانین.

دووبارە پیرۆزبایتان لێدەكەین 
شاد و سەرفرازبن 

براتان 
بافڵ تاڵەبانی 
ھاوسەرۆكیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو