هاوسەرۆكانی یەكێتی: ململانێ سیاسییەکان وەلابنرێن چیتر قووت و بژێوی ژیانی هاووڵاتیان نەکرێنە قوربانیی
عەممار حەكیم: رۆڵی یەكێتی لەم بارودۆخەدا دووپاتدەكەینەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان

  2021-02-20 14:12      112 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمڕۆ شەممە، ٢٠ی٢ی٢٠٢١، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەدەباشان پێشوازییان کرد لەوەفدێکی باڵای هاوپەیمانیی عیراقییون بەسەرۆکایەتیی سەماحەتی سەید عەمار حەکیم، سەرۆکی تەیاری حیکمەی نیشتیمانیی و سەرۆکی هاوپەیمانی عیراقییون.
لە دیدارێکدا کە هەریەک لە (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، رزگار عەلی، ئاسۆ مامەند، دکتۆر سۆران جەمال تاهیرو رزگار حاجی حەمە) ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئامادەیبوون، لەژێر رۆشنایی پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێستای عیراق و هەرێمی کوردستان و رێوشوێنەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژوویی و دۆستایەتییەکانی نێوان هەردوولا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کراو پێویستی خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و دانانی پلان و بەرنامەی گونجاو بۆ داهاتوو گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
هەر لەدیدارەکەدا هاوسەرۆکانی یەکێتیی جەختیان لەسەر گرنگی بەشداری هەموو لایەنەكان بە کورد، شیعەو سوننەوە کردەوە كەڕۆڵی كارایان هەیە لەپرۆسەی سیاسی و خاوەن بەرژەوەندیی راستەقینەن لەبەرەوپێشبردنی كاروانی دیموكراسی لەوڵاتدا.
هاوسەرۆکان ئاماژەشیان بەڕۆڵ و هەڵوێستیی نیشتیمانیی سەماحەتی سەید عەمار حەکیم کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەکان و داواشیانکرد کە هەوڵەکانی لەو پێناوەدا بەردەوام بێت بەتایبەت لەچارەسەرکردنی کێشەی بودجەو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە کاری لەپێشینەی ئێستای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە.
لەبەشێکی تری دیدارەکەدا هاوسەرۆکان ویستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامیی پەیوەندیی دۆستایەتی و برایەتی لەگەڵ هاوپەیمانە سەرەکییەکانی و لەم هەلومەرجەشدا هانی هەمووان دەدات بۆ هەماهەنگیی و دیالۆگی جدیی وەک بەشێک لەداكۆكی و بەرگری لەدیموكراسی و فیدراڵیی عیراق بە لەبەرچاوگرتنی پاراستن و زامنکردنی مافەکانی گەلی کورد، لەو رووەشەوە ئاماژەیان بەڕۆڵی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کرد بۆ بەردەوامیی هەوڵ و هەنگاوەکان لەگەڵ هێزو لایەنە کوردی و عیراقییەکان لەپێناو رەخساندنی دیالۆگێکی بنیاتنەرانە لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و لابردنی کۆسپەکانی بەردەمیان بە ئامانجی رێککەوتنی یەکلاکەرەوە لەچوارچێوەی دەستوور. راشیانگەیاند: پێویستە دیالۆگی راشکاوانە لەسەر زەمینەیەكی بەهێزی متمانەكردن بەیەكتر دابمەزرێت و بەرژەوەندییە کەسیی و ململانێ سیاسییەکان وەلابنرێن تاوەکو چیتر قووت و بژێوی ژیانی هاووڵاتیان نەکرێنە قوربانیی ئەو ململانێیانە.
لای خۆشییەوە سەماحەتی سەید عەمار حەکیم ئاماژەی بەو پەیوەندییە مێژوویی و بەهێزەی نێوانیان کرد لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەیانەو بناغەکەی لەلایەن شەهیدی میحراب و رەوانشاد مام جەلال داڕێژراوەو هەنگاوی گەورەو گرنگی لێ بەرهەمهاتووەو داواشیکرد پێکەوە درێژە بەو ڕێبازە بدەن. 
سەماحەتی سەید عەمار ئەلحەکیم گرنگیی رۆڵی نیشتمانیی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی لەم بارودۆخە ناسکەدا دووپاتکردەوە لەپێناو رێگرتن لەگەورەبوونی کێشەکان و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان و لێکنزیککردنەوەی تێڕوانین و بۆچوونەکان.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو