روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی داراییەوە

  2021-03-02 11:59      462 جار بینراوە        کۆمێنت

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی پرسی ئەو دۆسیەیەی كە دادگای لێكۆڵینەوەی قۆرەتوو لەسەر ژمارەیەك بەرپرسی دەروازەی پەروێزخان و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان جوڵاندبووی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.
لە روونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان هاتووە، دوابەدوای روونكردنەوەمان لە بەرواری (11-2-2021) تایبەت بەپرسی ئەو دۆسیەیەی كە دادگای لێكۆڵینەوەی قۆرەتوو لەسەر ژمارەیەك بەرپرسی دەروازەی پەروێزخان و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان جوڵاندبووی، بە پێویستی دەزانین كە روونكردنەوەو زانیاری زیاتر بخەینەڕوو.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئاماژە بەبڕیاری دادگای تاوانی كەركوك /گەرمیان (بەسیفەتی تەمییزی) بەژمارە (14/ت/2021) لە بەرواری (2021/2/9) تایبەت بەوردبینی كردن و پێداچوونەوە بەدۆسیەی ئاماژەپێكراوی سەرەوە بڕیاری لە بەرژەوەندی وەزارەت دەركرد بەهەڵوەشاندنەوەی (نقص)ی گشت بڕیارەكانی گرتن دەرهەق بە فەرمانبەرانی وەزارەتمان، لە كاتێكدا بابەتی ئەو دۆسیەیە تەنها جێبەجێكردنی بڕیارێكی وەزارەتمان بوو، بەپێی ڕێنماییەكان لە دەروازەی پەروێزخان بە ئەنجام گەیەندراوە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێمە لەكاتێكداو لەسۆنگەی بەرپرسیارێتیەوە پابەندبوونی تەواو بۆ ئیجرائات و فەرمان و بڕیارەكانی دادگاكان دەردەبڕین و هاوكارو هەماهەنگ دەبین بۆ سەروەری یاساو جێبەجێكردنی دادپەروەری، لە هەمان كاتدا داوا لەدادگاكان و دادوەرە بەڕێزەكان دەكەین كە ئەرك و بەرپرسیارییەتی بەرپرس و كارمەندانمان و ماندووبوون و دڵسۆزیان لەچوارچێوەی یاسا لەبەرچاو بگیرێت.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو