وادەی بەكارهێنانی ڤاكسینە چینییەكە لەهەرێم راگەیەندرا

  2021-03-03 20:29      235 جار بینراوە        کۆمێنت

وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، بڕیاری بەكارهێنان و دابەشكردنی ڤاكسینی سینۆفاڕم-ی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا COVD19 لە هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتەكەیانەوە، لەگەڵ دەرچوونی بڕوانامەی شیكاری و رێگەپێدانی بەكارهێنان و سەلامەتیی وەرگرتن، دەرچوو. 
د. ئاسۆ حەوێزی  وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، بە فەرمی بڕیاری دابەشكردن و  پێدان و بەكارهێنانی ڤاكسینی دژی ڤایرۆسی كۆڕۆنا COVID19ی دا كە لەلایەن سەنتەرەكانی وەرگرتنی پێكوتە لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان لە ئەمڕۆ وە دەتواندرێت بەكاربهێنرێت وەكو قۆناغی یەكەم بۆ كوتانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی هێڵی پێشەوە لە نەخۆشخانەكان و سەنتەرەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەپێی رێنمایی و پلانی نیشتمانی داڕێژراو.
ئاماژەی بەوەشكرد، ڤاكسینی جۆری سینۆفاڕم (Sinopharm) ی چینی كە بەشێوەی بەخشین لەلایەن كۆماری چین بە بڕی پێنج هەزار ژەم بۆ هەرێمی كوردستان دابینكراوە، دەتوانرێت بەكاربهێنرێت بەپێی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی پاڵپشت بە پلانی نیشتمانی و رێكارەكانی دەستنیشانكراو.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی باسی لەوەشكرد، بە دڵنیاییەوە، بەردەوام دەبین لە هەموو هەوڵەكانی دابینكردنی بڕی زیاتری ڤاكسین بەپاڵپشتی و ڕەزامەندی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عیراقی فیدڕاڵ بۆ چین و توێژەكانی تری مەترسیدار لە كۆمەڵگا لەپێناو دوورخستنەوەی ئەم پەتایە لە هەرێمی كوردستان.
ئەمەش لەكاتێكدایە، دوێنێ بڕی ڤاكسینی دیاریكراو بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە نێردرا و دواتریش بەسەر پارێزگاكاندا دابەشكرا.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو