مەكتەبی سیاسی:
ئەم یەكێتییە لە باریدایەو دەتوانێ كاروانی نوێش ئاراستە بكاو وەڵامدەرەوەی خواستەكانی گەل بێت

  2021-03-04 18:48      488 جار بینراوە        کۆمێنت

لە ساڵیادی راپەڕینی خەڵکی کوردستاندا، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی: 

 

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
بۆ یادی (30) ساڵەی راپەرینی گەلەكەمان.

-كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
-پێشمەرگە قارەمانەكان
-نەوەكانی كوردستانی دوای ڕاپەڕین، كچان و كوڕانی ئازادیخوازی نیشتمان

بە تینوتاوی ساتەوەختی ڕابوونەوە دژی دیكتاتۆری بەعس، بە سڵاوێكی گەرمەوە پیرۆزبایی (30)مین ساڵڕۆژی راپەڕینی مەزنتان لێدەكەین، كە (5)ی ئاداری ساڵی 1991، لە دەروازەوە مژدەی رزگاری‌و ئازادی سەرتاسەری بە گەلی ستەمدیدە دا، بە زەماوەندی شارە گەورەكانی كوردستان و شار ولادێوە وەرچەرخانێكی گەورەی لە مێژووماندا خوڵقاند.
 لە ئاداری 1991 دا، دوای چەند دەیە لە سەركوت و ژێر دەستەیی، بە تایبەتی لە سایەی حوكمڕانی بەعسدا،  بە كەڵك وەرگرتن لە هەلومەرجی گۆشەگیری و لاتەریك كەوتنی رژێمەكە بە پێشبینی ‌سەرۆك مام جەلال و سەركردایەتی مەیدانیی یەكێتی و رێكخستنەكانی لە رابەرایەتی كردنی جەماوەر دا ویستی ئازادیخوازی كوردستان هاوشانی ویستی عیراقییەكان لەباشووری وڵات، بەڕووی ستەم‌و جیاكاریی نەتەوەیی‌و مەزهەبی،  تەقییەوە،‌ دەوڵەتی شۆڤێنی بەعسی لە كوردستان ڕاماڵی و بووە وێستگەی بەرپاكردنی ئەزموونێكی دیموكراسی، كە درێژخایەنترینه لەمێژووی نەتەوەكەماندا.
لە سێ دەیەی دوای ڕاپەڕین، كوردەواری گەشەیكردوەو دەستپێشخەری گرنگی نواند لە پەرەپێدانی سەربەستییە سیاسییەكان، پێشكەوتنی خەباتی رێكخراوەیی و بزووتنەوەی ژنان و ئازادی بیروڕا، سەرباری ئاوەدانی و گەشەسەندنی ئابووری و بوژانەوەی فەرھەنگی و پێشكەوتنی هەمەلایەنە كە ھێشتا زۆری تریش ماون بەدیبێن، بەتایبەتی دوای كەوتنی بتی رژێمی فاشی لە پرۆسەی ئازادی عێراق كە زەمینەی بۆ وڵاتێكی فیدرال و دەستوورێكی گەلپەسەند خۆشكرد، بە نەخشەرێگای ماددەی ١٤٠و دەرفەتی بەشداری سەنگین لە حوكمڕانی بەغدا و شەراكەتی سیاسیشەوە.

ھاوڵاتیانی خۆشەویست، كۆمەڵانی خەڵك، بەتایبەتی رۆڵە ھەڵكەوتووەكانی كوردەواری دوای زەماوەندی راپەڕین.
 ئێستا پاش سێ‌ دەیە كە یادی راپەرین دەكەینەوە، چەندین نەوەی چاوكراوە، خوێندەوار و خاوەن خواستی تازە لە كچان و كوڕان پێگەیشتوون، بە دونیابینی نوێوە ھەڵسەنگاندنی تازە دەكەن كە پێویستە سیاسەتی كوردستانییش ھاوشانی ئەم پەرەسەندنانە، تێگەیشتنی نوێ بەرھەمبێنێ و رێبەرایەتیشیان بكات بە ھەمان رۆحیەتی یەكێتیانە كە رابەرایەتی خواست و ویستی نەوەكانی راپەڕینی دێرینی كرد.
یەكێتی نوێبوونەوە بەسەركردایەتییەكی تازەی ھەڵقوڵاوی گەشەی كوردەواری و ئەزموونی دوور ودرێژی سەرۆك مام جەلال، رابەر و پێشبینیسازی گۆرانكارییە گەورەكان، ئەم یەكێتییە لە باریدایە و دەتوانێ كاروانی نوێش ئاراستە بكاو وەڵامدەرەوەی خواستەكانی گەل بێت لە پەرەپێدانی زیاتر و زیاتری حوكمڕانی كوردستانی بەرەو لامەركەزیی ئیداری و دارایی كە گوزەران و ژیانی شایانتر بۆ گەلەكەمان دابینبكات، رێگای كورتبڕ و نوێباو بۆ چارەسەری كێشە ئابووری و سیاسییەكان بدۆزێتەوە، دەستپێشخەری بگرێتەوە دەست بۆ چاكسازی و شەراكەتی ڕاستەقینە، راستكردنەوەی رێرەوی حوكمڕانی دیموكراتی و ئازادی رادەڕبرین و سەربەستییە سیاسییەكان كە ھەر ئەمانە ئامانجی سەرەكی راپەڕینی ١٩٩١ بوون، بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندیەكی دروست و كارا لەگەڵ حكومەتی ئیتحادی و دابینكردنی مافەو شایستە دەستورییەكانی گەلی كوردستان كە ھەر ئەوەش راستە رێی بەدەستھێنانی ئامانجەكانمانە و پارێزگاری لە دەسكەوتە دەستوریەكانمان دەكات لە ھەر پاشكشێ و ھەڕەشەیەكی ناكاوی ناحەزان.
 یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هێزێكی بەرپرسیار و پەرۆش، بێدرێغ لە تێكۆشان بەردەوام دەبێت، بۆ ئەو ئامانجانەی راپەڕین كە ھێشتا ماون و پێمان وایە بەو نەخشەرێگایە دێتە دی، چونكە لەگەڵ روحی راپەڕین و پێویستی كوردەوارییەكی سەردەمیانەی سەدەی بیستویەك گونجاو و تەبایە. لەم پێناوەشدا بانگێشتی ھەموو ھێزەكانی كوردایەتی و دیموكراتخواز لە كوردستان و عێراق دەكەین پێكەوە ئیرادەی گەلەكەمان بۆ ئەركەكانی داھاتوو ئامادە و پتەو بكەین. وڵاتێكی شایستەتر بە گەلێكی قوربانیدەرو شەهید پەروەر دابین بكەین.
 لە كۆتاییدا یادی سێ دەیەی راپەڕین پیرۆز بێت.
سڵاو لە رۆحی پاكی رابەرو سەرۆكی هەمیشە لەیاد مام جەلال و شەهیدانی كوردستان-
-سڵاو لەپێشمەرگە قارەمانەكان.-سڵاو لە نەوەكانی ئازادی و گەنجە بوێرەكانی سایەی ئەزموونی دیموكراسی كوردستان.

مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
(5) ئاداری 2021

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو