رێگه‌ ناده‌ین هه‌ڵه‌ی كه‌مینه‌یه‌ك، راپه‌ڕینه‌ شكۆداره‌كه‌مان له‌كه‌دار بكات
لاهور شێخ جەنگی: وه‌فادارین به‌رامبه‌ر یاده‌وه‌ری و پیرۆزییه‌كانمان

  2021-03-05 09:33      160 جار بینراوە        کۆمێنت

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەیادی راپەڕینە مەزنەكەی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە.
دەقی پەیامەكە...
پەیامی لاهور شێخ جەنگی بەبۆنەی (٣٠) هه‌مین ساڵیادی راپەرینە مەزنەکەی کوردستان 
كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان 
پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان 
كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان 
پیرۆزبایی (٣٠)هه‌مین ساڵیادی راپه‌ڕینتان لێ ده‌كه‌م، ٣٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ڕۆژێكی پیرۆزی وه‌كو ئه‌مڕۆو له‌ده‌روازه‌ی سه‌وزی راپه‌ڕینه‌وه‌، تۆماری ده‌یان ساڵ ته‌عریب و ته‌بعیس، قڕكردن و كاولكاریی رژێمی به‌عسی خوێنڕێژ پێچرایه‌وه‌، له‌ڕاپه‌ڕیندا، رووناكی به‌سه‌ر تاریكی، ئازادیی به‌سه‌ر ژێرده‌سته‌یی، گه‌ردن به‌سه‌ر په‌تی سێداره‌، دایكی شه‌هید به‌سه‌ر كۆست و یه‌كێتییه‌كه‌تان به‌سه‌ر دوژمندا سه‌ركه‌وت.
ڕاپه‌ڕین، به‌رهه‌می خوێنی ده‌یان هه‌زار شه‌هید، به‌رئه‌نجامی شۆڕشی نوێ و بەشداریی و پشتیوانیی کارایانەی کۆمەڵانی خەڵک و چه‌پكه‌ گوڵی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بوو بۆ گه‌لی كوردستان، له‌م ساڵیاده‌دا وه‌فادارین به‌رامبه‌ر یاده‌وه‌ری و پیرۆزییه‌كانمان، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ له ‌یادمان بێت كه‌ خه‌ڵكی كوردستان، ته‌نها به‌یاده‌وه‌ری ناژی، به‌ڵكو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك داواكاری ئێستایه‌كی ئازادو خزمه‌تگوزار، ژیانێكی شایسته‌و ئاینده‌یه‌كی باشترن، له‌م رۆژگاری نادڵنیاییه‌دا، كه‌ تاكڕه‌ویی وهه‌ڵپه‌ره‌ستی و كه‌مته‌رخه‌میی كه‌مینه‌یه‌كی خۆسه‌پێن، بوون به‌هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر ئه‌زموونه‌كه‌مان، خه‌ڵكی كوردستان ده‌یانه‌وێت بزانن، ئه‌و ئازادی، ئاشتی، دیموكراسی، مافی مرۆڤ و مافی چاره‌ی خۆنووسینه‌ی كه‌ یه‌كێتیی له‌پێناودا دامه‌زراوه‌، به‌كوێ ده‌گات، به‌ها باڵا سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی یه‌كێتیی، هیواكانی خه‌باتی ڕزگاریی نیشتمانی و ده‌ستكه‌وته‌كانی راپه‌ڕین كه‌ ده‌یان هه‌زار شه‌هیدو تێكۆشه‌ری قاره‌مان گیانی خۆیان له‌پێناو به‌خشی، چییان لێ دێت، كێ كوردستانه‌كه‌مان له‌داگیركاری، له‌مشه‌خۆری و قۆرغكاریی ده‌سه‌ڵاتێكی ناپه‌سه‌ند ده‌پارێزێ و ڕزگار ده‌كات،
ئه‌مڕۆو٣٠ ساڵ دوای ڕاپه‌ڕین، خه‌ڵكی كوردستان ده‌یانه‌وێت دڵنیابن كه‌ سه‌روه‌ریی یاساو ئازادییه‌كان، ئاسایشی كارو پیشه‌یان‌، مووچه‌و قووت و كه‌سابه‌ت و ژیانیان، له‌ده‌ست كه‌مینه‌یه‌كی مشه‌خۆر، پارێزراو بێت، خه‌ڵكی كوردستان مافی خۆیانه‌ داوا بكه‌ن كه‌ هه‌رێمه‌كه‌مان نه‌كرێت به‌قوربانیی ململانێی شه‌خسی، بوژاندنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌مان‌ نه‌درێته‌ به‌ر ڤیتۆی پلانێكی حزبی، حوكمڕانیی تێكه‌ڵ به‌حه‌زی بنه‌ماڵه‌ نه‌كرێت و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت و كه‌للە ره‌قیی سیاسی سه‌ری ده‌سكه‌وته‌كانی راپه‌ڕین نه‌خوات، تێگه‌یشتن له‌م داوا ڕه‌وایانه‌، ئه‌وه‌ندی تر هانمان ده‌دات كه‌ راستگۆو راشكاو بین له‌گه‌ڵ میلله‌تی خۆمان، بۆیه‌ زۆر ڕاشكاوانه‌و‌ له‌م ساڵیاده‌ی ڕاپه‌ڕیندا ڕایده‌گه‌یه‌نم، كه‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراق كێشه‌ی بنچینه‌یی هه‌یه‌، ره‌وتی رێكردنی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین، ئاڕاسته‌ی هه‌ڵه‌و پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌ نیشتمانییه‌كانی وه‌رگرتووه‌و پێویسته‌ راستبكرێنه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر فریا نه‌كه‌وین، راپه‌ڕینه‌كه‌مان سه‌ری دروشمه‌كانی ده‌خوات، من و هاوبیره‌كانم له‌ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌م‌ پرسیارو كێشه‌و پێویستییه‌ بنچینه‌ییانه‌، له‌نیگه‌رانی و داواكارییه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مان تێ ده‌گه‌ین و به‌شانازییه‌وه‌، نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ین، بۆیه‌ له‌م ڕۆژه‌ مێژووییه‌داو هه‌ر له‌م مینبه‌ره‌ كراوه‌یه‌وه‌، ڕایده‌گه‌یه‌نم له‌چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی سیاسی و نیشتمانی له‌گه‌ڵ هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان، پشتئه‌ستوور به‌پشتیوانیی كه‌سوكاری شه‌هیدان، پشتئه‌ستوور به‌پشتیوانیی خه‌ڵكی كوردستان‌، هه‌وڵی ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م مۆدێله‌ چه‌وته‌ له‌حوكمڕانی ده‌ده‌ین و رێگه‌ ناده‌ین هه‌ڵه‌ی كه‌مینه‌یه‌ك، ڕاپه‌ڕینه‌ شكۆداره‌كه‌مان له‌كه‌دار بكات و ئه‌و رووباری خوێن و ئه‌و قوربانیدانه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان له‌م پێناوه‌دا به‌خشیوونی، به‌فیڕۆ بڕوات.
ده‌ست له‌ناو ده‌ست له‌پێناو پارێزگاریكردن له‌به‌هاكانی راپه‌ڕین دروود بۆ شه‌هیدانی رێگای رزگاریی كوردستان.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو