دوای كۆبوونەوەكەی ئۆپیك نرخی نەوت بەرزتر بووەوە

  2021-03-06 18:26      255 جار بینراوە        کۆمێنت

وڵاتانی هەناردەكاری نەوت كە بە ئۆپیك ناسراون لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان لەئۆپیك پڵەس بڕیاریاندا بەزیادكردنی خستنەڕووی ئاڵتونی ڕەش لەمانگی داهاتوودا بەڕێژەی یەك لەسەر سێی ئەو ئاستەی كە چاوەڕوان دەكرا، بەڵام بەدوای خۆیدا نرخی نەوت لەبری دابەزین ڕووی لەزیادبوون كرد.
دوای بەرزبوونەوەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان و تۆماركردنی سەروو ٦٥ دۆلار، وڵاتانی رێكخراوی ئۆپیك لەگەڵ هاوپەیمانەكانیان لەدەرەوەی ئەو كارتێلە كە بە ئۆپیك پڵەس ناو دەبرێن ڕۆژی پێنجشەممە كۆبوونەوەیەكی فراوانیان ئەنجامداو سەرەنجام گەیشتن بەوەی لەسەر هەمان بڕی بەرهەمهێنان بۆ مانگەكانی سێ‌ و چوار بەردەوامبن و تەنها رێگە درا بە روسیا ١٣٠ هەزار بەرمیل و كازاخستان ٢٠ هەزار بەرمیل رۆژانە زیاتر بخەنەڕوو، زیادكردنی تەنها ١٥٠ هەزار بەرمیل كەمترە لە یەك لەسەر سێی ئەو ٥٠٠ هەزار بەرمیلەی كە چاودێرانی ئابووری چاوەڕێ بوون ئۆپیك زیادی بكات تا بتوانێت كاریگەری لەسەر كەمردنەوەی نرخی نەوت دروستبكات.
وڵاتانی ئەندام لەڕێكخراوی ئۆپیك ساڵی رابردوو بڕیاریاندا بەكەمكردنەوەی بڕی خرانەڕووی نەوتی خاو لەبازاڕەكانی جیهان، بەئامانجی راگرتنی هاوسەنگی نرخ كە دووچاری داڕمان هاتبوو لەئەنجامی بڵاوبوونەوەی كۆرۆناو لەكاركەوتنی كارگەو كارخانەی وڵاتە پیشەسازییەكانی وەك چین و ئەڵمانیاو ئەمریكا.
ئێستاش لەئەنجامی دۆزینەوەی ڤاكسینی كۆرۆناو باشبوونی دۆخی تەندروستی وڵاتە پیشەسازییەكان و خستنەوەگەڕی چالاكییە ئابوورییەكانیان، خواست لەسەر نەوتی خاو بەشێوەیەكی سەرسوڕهێن رووی لەزیادبوون كردووە، بۆ ئەو مەبەستەش مۆسكۆ ئارەزووی زیادكردنی خستنەڕووی نەوت دەكات، بەڵام ریاز لەهەوڵی هێشتنەوەی بڕی خستنەڕووە لەو دۆخەی كە ئێستا هەیە، بۆیە راستەوخۆ دوای كۆبوونەوەكەی ئۆپیك نرخی یەك بەرمیل نەوت بەڕێژەی ٥٪  ڕووی لەهەڵكشان كردەوە.
ئەم هەوڵانەی ٢٣ وڵاتەكەی ئۆپیك و هاوپەیمانەكانیان لە ئۆپیك پڵەس دوای ئەوە دێت كە ساڵی رابردوو وڵاتانی هەناردەكاری نەوت بڕی خستنەڕووی نەوتیان بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمكردەوەو بەتەنها حكومەتی سعودیە بڕی ١ ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی خۆی بۆ بازارەكانی جیهان كەمكردەوە.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو