حكومەتی هەرێم داتای داهات و خەرجی دەداتە بەغدا

  2021-03-06 19:34      225 جار بینراوە        کۆمێنت

وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت: حکومەتی ھەرێم ھەموو ژمارەو داتاکانی تایبەت بەداھات وخەرجیی نەوتی و نانەوتی و تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانی پێشکەش بە بەغدا کردووە.
د.جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: حکومەتی ھەرێم بەنووسراوی ژمارە (٧-تایبەت) لە (١-٢-٢٠٢١)، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی ئاگادارکردووەتەوە لەھەموو وردەکارییەکانی پەیوەست بەپرۆسەو داھات و خەرجییەکانی نەوتی (پشتبەست بەڕاپۆرتی وردبینی و پێداچوونەوەی کۆمپانیای دیلۆیتی نێودەوڵەتیی) سەرەڕای ناردنی ژمارەکانی پەیوەست بەسەرچاوەکانی داھاتی نانەوتی و دەروازە سنوورییەکان و بڕی داھاتەکانیان پشتبەست بەبەیانی دارایی ساڵانەی وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم، وتیشی: ئەمە سەرەڕای ناردنی خشتەی ژمارە و زانیاری تایبەت بە مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، پشتبەست بەپڕۆگرامی تۆماری بایۆمەتری.
باسی لەوەشكرد، حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەمیشە جەخت لەسەر پابەندبوون بەپڕەنسیپی شەفافییەت دەکاتەوە لەبارەی ئاشکراکردنی داھاتی نەوتی و نانەوتی خۆی، بۆ رای گشتی و حکومەتی فیدڕاڵ، تا ئێستاش بەنووسراوی فەرمی وەڵامی وردی ھەموو پرسیارەکانی ھەردوو وەزارەتی دارایی و نەوتی عیراق و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیشی دراوەتەوە.
وتەبێژی حکومەتی ھەرێم راشیگەیاند: ھەرێم جارێکی تر، ئامادەیی خۆیشی دووپات دەکاتەوە بۆ روونکردنەوەی ھەر پرسیارێکی دیکەی پەیوەست بەم بابەتەوە، بۆ لادانی ھەموو ئەو تەمومژانەی کاریگەریان لەسەر رێڕەوی لێکگەیشتن و رێککەوتنی نێوان ھەردوولا دەبێت.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو