هاوسەرۆكی یەكێتی، پەیامێك بۆ خەڵكی سلێمانی بڵاودەكاتەوە

  2021-03-07 10:07      385 جار بینراوە        کۆمێنت

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەبۆنەی 30-هەمین ساڵڕۆژی راپەڕینی خەڵكی سلێمانی پەیامیكی بڵاوكردەوەو ئاشكرایكرد، لەداهاتوودا بەخزمەتكردن و خۆشگوزەرانی وەڵامی ماندووبوونی خەڵكی سلێمانی دەدەنەوە.
بافڵ تاڵەبانی لە فەیسبوكی فەڕمی خۆی، 7ی ئاداری 2021 كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی راپەڕینی خەڵكی سلێمانی لەساڵی 1991 رایگەیاند، لەیادی ئازادبوونی شاری هەڵمەت و قوربانی، شاری هەمیشە پێشەنگ و رچەشكێن، شاری وەفادارو بەئەمەك، شارێك كە هەمیشە تینووی ئازادی و پڕ لەقەڵەم و دەنگی بوێربووە، پیرۆزباییەكی گەرم لەخەڵكی خۆشەویستی ئەم شارە پڕ لەوزەو داهێنانە دەكەین.
باسی لەوەشكرد، مێژووی زێڕین و پڕ لەسەروەری سلێمانی دەیسەلمێنێت كە هەمیشە شارەكە سەرمەشقی قارەمانێتی و كوردایەتی و نیشتمانپەری بووە. مێژووی سلێمانی لێوڕێژە لەداهێنان و نوێگەری، لەخەڵكی رچەشكێن و ئازاو ئازاد.
‌‎ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئێمە خەباتی بێوچانی خەڵكی بەئەمەكی سلێمانی لەیاد ناكەین و بەرامبەر قارەمانێتی و قوربانییەكانیان وەفادەر دەبین. خزمەتكردنیان بەئەركی خۆمان دەزانین و باشتركردنی گوزەرانیان بەكاری لەپێشینەمان دادەنێین.
‌‎بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت، ئەمڕۆ بۆ ئێمە رۆژی وەفادارییە بەرامبەر خوێنی هەزاران شەهیدی رێگای ئازادی، رۆژی دووپاتكردنەوەی پەیمانی لەمێژینەمانە بەرامبەر ئەو خەڵكە دڵسۆزەی لەهیچ بارودۆخێكدا پشتیان لەیەكێتییەكەی مام نەكرد. ئێوەبوون لەڕابردوودا سەرتۆپی شۆڕش و فیداكاری بوون، ئێمە دەبین لەداهاتوودا بەخزمەتكردن و خۆشگوزەرانی وەڵامی ماندووبوونتان دەدەینەوە.
‌‎لەكۆتایی پەیامەكەیدا هاوسەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكردووە، یادی راپەڕینە مەزنەكەی سلێمانی پیرۆزبێت و رۆحی شەهیدانی كوردستان ئارام بێت.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو