پەرلەمانتارێك: گەر نرخی دۆلار كەمنەكرێتەوە، یاسای بانكی ناوەندی هەمواردەكەینەوە

  2021-03-07 12:02      227 جار بینراوە        کۆمێنت

فراكسیۆنی نەهج وەتەنی لەپەرلەمانی عیراق، هەڕەشە دەكات و دەڵێت، ئەگەر حكومەت و بانكی ناوەندی پێداگیری بكەن لەسەر بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار، ئەوا یاسای بانكی ناوەندی هەمواردەكەینەوە.
حسێن عیقابی، ئەندامی فراكسیۆنی نەهج وەتەنی لە پەرلەمانی عیراق، ئەمڕۆ یەكشەممە 7ی ئازار، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، سەرباری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی داهاتەكان، هێشتا عەلی عەبدلئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی سوورە لەسەر بەرزكردنەوەی نرخی دۆلارو تەنگهەڵچنین بەهاووڵاتییانی عیراق، بەتایبەت ئەوانەی داهاتیان كەمە.
عیقابی دەڵێت، زۆر بەلامانەوە سەیرە وەزیر باس لەوە دەكات كە ناتوانن گۆڕانكاری لە نرخی دۆلاردا بكەن، بەو بیانووەی كە نرخێكی گونجاوەو بڕیارەكە بەڕاوێژ لەگەڵ بانكی ناوەندی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و لایەنە سیاسییەكاندا دراوە. هەروەها دەشپرسێت، نازانین ئایا وەزیری دارایی لە عیراق دەژی یاخود لەوڵاتێكی تر؟ داخۆ قەبارەی ئەو زیانە نازانێت كە هاووڵاتی بەهۆی بڕیارەكەیانەوە پێیگەیشتووە؟ بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار نرخی شمەك و كاڵای گران كردووەو تەنانەت بەرهەمی خۆماڵی بەڕێژەی 30% نرخەكەی بەرزبۆتەوە.
حسێن عیقابی لەڕاگەیەندراوەكەیدا داوا دەكات نرخی دۆلار بگەڕێندرێتەوە ئاستی پێشووترو پەرلەمان بڕیار لەو بارەیەوە بدات و دەڵێت، تەنانەت ئەگەر ئەو كارە پێویستی بەهەمواركردنەوەی یاسای بانكی ناوەندی هەبێت دەیكەین.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو