لاهور شێخ جەنگی: بینینی کەسوکاری شەهیدان و گێڕانەوەی چیرۆکی شەهیدبوونی رۆڵەکانیان تەزووی بەلەشدا هێنا

  2021-03-07 16:41      129 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمرۆ یەک شەممە ٧ی٣ی٢٠٢١، لەساڵیادی راپەڕینە مەزنەکەی شاری سلێمانی و لەمۆزەخانەی نیشتمانی (ئەمنە سوورەکە)، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشانگای ئەلبومی دایکی سەروەرانی کردەوە.
لەو مەراسیمەدا کە ژمارەیەک لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی ئامادەیبوون، لاهور شێخ جەنگی لەنزیکەوە لەزاری کەسوکاری شەهیدان و دایکە سەروەرو مەزنەکانیانەوە گوێیی لەچیرۆکی ناخ هەژێنی شەهید بوونی هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتمانە گرت کە لەپێناو ئازادی و سەربەستی کوردستان رووبارێک خوێنیان بەخشی و ئەمڕۆیان بۆ بەرهەمهێناوە.
لەمیانی گفتوگۆ لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان، لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند: ئەو دایکە جەرگ سووتاوانەی کە هەریەکەیان زیاد لەسێ رۆڵەی خۆیان پێشکەش بەکوردستان کردوەو لەئەلبومی دایکی سەروەراندا تۆمارکراون، شانازییەکی گەورەیان بۆ بەزیندوویی هێشتنەوەی شەهیدەکانیان و یەکێتییەکەیان تۆمارکردوە کە مێژوو هەمیشە بەگەورەیی باسیان دەکات و ئێمەومانانیش بەردەوام شانازییان پێوە دەکەین و لەئاست نەمریی و فیداکارییان سەریان بۆ دادەنەوێنین.
راشیگەیاند: وەفاداریی بۆ دایکی سەروەران و ئاسوودەکردنی رۆحی شەهیدەکانمان، درێژەپێدانە بەڕێبازە پیرۆزەکەیان و پارێزگاریکردنە لەئازادی و بەها باڵاکان و دەستکەوتەکانی راپەڕین و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گەشەپێدان و بەهێزکردنی یەکێتییی.
هاوکات لاهور شێخ جەنگی لەدەفتەری یادگارییەکاندا یاداشتێکی تۆمارکردو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە بینینی کەسوکاری شەهیدان و گێرانەوەی چیرۆکی شەهیدبوونی رۆڵەکانیان تەزووی بەلەشدا هێناو هانیداین کە زیاتر تێبکۆشین بۆ بەدیهێنانی ئاواتی شەهیدەکانمان.
هاوسەرۆکی یەکێتی سوپاسی بۆردی ئەرشیف و مێژووی کرد لەمەکتەبی گەشەپێدانی بیرو هۆشیاریی و سوپاسی خاتوو ئەمیرە محەمەدی کرد بۆ کۆکردنەوەو ئامادەکردنی ئەلبومی دایکی سەروەران.
 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو