قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كۆنسوڵی گشتی بریتانیا لە هەولێر كۆبوەوە
2021-04-07 20:19     90 جار بینراوە      کۆمێنت
جێگری سەرۆك وەزیران لەكۆبونەوەیەكدا لەگەڵ جەیمس سۆرنتۆن كونسوڵی گشتی بریتانیا، لە هەولێر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدایان لە دوای پەسندكردنی بوودجەی فیدراڵی تاوتوێ كرد.
بەگوێرەی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی حكومەت، لە كۆبونەوەكەدا كە سەرلەئێوارەی چوارشەمە بەڕێوەچوو، كونسوڵی گشتی بریتانیا ستایشی رۆڵی هەرێمی كوردستان و شاندی دانوستانكاری هەرێمی كردووە، لە هەوڵەكانیان بۆ تێپەڕاندنی یاسای بوودجەی 2021 ی عیراق و هیوای خواست بۆ لەمەودوا پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا بەرەوپێشچونی باشتر بەخۆیەوە ببینێت.
لەلای خۆشیەوە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تێپەڕاندنی یاسای بوودجە بە هەوڵ و كۆششی هەموو لایەك بووە و ئەزمونێكی باشیش بوو، بۆ ئەوەی لەمەودوا هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە رێگای دانوستان و لێك تێگەیشتن چارەسەر بكەین.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكرد، لەدوای پەسندكردنی بوودجە، ئێستا حكومەتی هەرێمیش هەنگاوی باشی ناوە لە ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بوودجە و بەمەش دەستكراوەتر دەبن لە هەنگاونان بەرەو چاكسازی زیاتر و جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئابوری و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات.
بابەتی زیاتر