قوباد تاڵەبانی بەردی بناغەی كارگەی شەكری بیتوێنی دانا و چەند پرۆژەیەكی دیكەی راگەیاند

  2021-04-08 17:37      136 جار بینراوە        کۆمێنت
قوباد تاڵەبانی بەردی بناغەی كارگەی شەكری بیتوێنی دانا

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی كارگەی شەكری بیتوێنی دانا و ڕایگەیاند حكومەت بەهەموو توانایەوە ئاسانكاریی بۆ هەر كۆمپانیایەك و وەبەرهێنەرێک دەكات پرۆژەی هاوشێوە لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی جێبەجێ بكات.
لە وتارێكدا بەبۆنەی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی کارگەی شەکری بیتوێن، ئەمڕۆ 8 نیسان (ئەپریل) ی  2021 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران کارگەكەی بە پڕۆژەیەکی گەورەی ستراتیژی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق لە قەڵەمدا و سوپاسی کۆمپانیای ئابورلاند و وەزیری کشتوکاڵ و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیشی كرد لە سەرخستنی پڕۆژەكە. 
جێگری سەرۆک وەزیران لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئەم پڕۆژەیەی بە نمونەیەکی باشی پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێم دایە قەڵەم بۆ کەرتی تایبەت و رایگەیاند حکومەت بە هەموو توانایەوە هانی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران دەدات ڕووبكەنە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی لەپێناو بنیاتنانی ئابوورییەكی بەهێز و سەقامگیر و بەرهەمهێن.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكرد پرۆژەی كارگەی شەكری بیتوێن جگە لەوەی نزیکەی هەشت هەزار هەلی كاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت، كەرتی كشتوكاڵیش هەنگاوێک دەباتە پێشەوە و وتیشی "ئەمەش هەر ئەو ئامانجەیە كە پێشتر بەڵێنیان دابوو كاری لەسەر بكەین". 
هاوكات جەختی لەوەش کردەوە تەنها بەو پڕۆژەیە ناوەستن و لەگەڵ وەبەرهێنەرانی دیکە خەریکن بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوشێوەی دیکە، بەتایبەت پاش پەسەندكرانی یاسای بودجەی فیدراڵی و پرۆژە یاسای بودجە لەهەرێمی كوردستان دەستكراوەتر دەبن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورە کە هەم هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنێت و هەم ژێرخانی ئابوری بەهێزتر بکات.
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی ڕوونكردەوە، دەبێت لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵدا ڕەچاوی هەموو پێوەرە ستاندارد و زانستییەکان بکرێت "بۆ ئەوەی هەم زۆرترین و باشترین جۆری بەرهەممان هەبێت و هەم کەمترین زیان بە سامانی خاک و ئاو بگەیەنین"، داواشیكرد لە بەکارهێنانی ئاودا ڕەچاوی باشترین سیستمی ئاودێری بکرێت بۆ ئەوەی کەمترین رێژەی ئاو بە فیڕۆ بچێت.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو