قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداری لەسەر ئەم نوقڵ و چكلێتانە دەدات

  2021-05-01 11:17      128 جار بینراوە        کۆمێنت

قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕێك شیرینی ماوەبەسەرچوودا دەگرێت كە بەشێوەی هەڵڕژاو بەسەر هاوڵاتیاندا ساغكراوەتەوە، سەرۆكی لیژنەكانیش هۆشداری دەدات.
لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ ئەو نوقڵ و شیرینیانە كراوە كەبەشێوەی هەڵڕژاو لەدوكانەكان و دەستگێڕەكان بەهاوڵاتیان دەفرۆشرێت، دەركەوتووە بەشێكی ماوەی بەكارهێنانیان بەسەرچوە كە شیاوی خواردن و بەكارهێنان نین.
وتیشی:"بەپێی رێنماییەكانی تەندروستی، ئەو خواردن و خواردنەوانەی ماوەیان بەسەر دەچێت، پێكهاتەیان دەگۆڕێت بۆ مادەی زیان بەخش و زیان بەتەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنێت".
لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنەكان داوا لە هاوڵاتیان دەكات، لەكاتی بازاڕكردن و كڕینی پێداویستی رۆژانەبەوردی سەرنج لە بەرواری دروستكردن و بەسەرچوونی بدەن و ئەو نوقڵ و چكلێتانەی بەهەڵڕژاوی دەفرۆشرێن مەكڕن، هەروەها لەكاتی هەبوونی گومان لەڕێگەی ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە پەیوەندی بە لیژنە هاوبەشەكانەوە بكەن.
ئاماژەی بۆئەوەكرد، لەهەر شوێنێك دەست بەسەر خواردن و خواردنەوەی ماوە بەسەرچوودا بگیرێت دادەخرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی توند دەكرێتەوە.
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو