كازمی سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی هێزە ئەمنییەكانی عیراق و پێشمەرگەى كرد

  2021-05-03 09:04      121 جار بینراوە        کۆمێنت

نوسینگەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا، ئاماژەی بە كۆبوونەوەكەی كازمی و فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەو فەرماندەكانی هێزە ئەمنییەكانی فیدڕاڵی دا، كە شەوی رابردوو بە سەرپەرشتیی مستەفا كازمی لە بەغدا ئەنجامدرا. 
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە فەیسبووكی خۆی رایگەیاند، شەوی رابردوو، لە بەغدادی پایتەخت لەگەڵ فەریق جەمال، سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداربووین لە كۆبوونەوەیەكی فراوانی سەبازی و ئەمنی كە لەلایەن مستەفا كازمییەوە سەرپەرشتی كرا،  بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و دارایی لە حكومەتی فیدراڵی.
راشیگەیاند، كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە هەڕەشە جیددییەكانی داعش كە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی بۆشایی ئەمنی و سەربازییەوە دروستیان كردبوو، بووە هۆی شەهیدبوونی چەند پێشمەرگەیەكی  لیوای ١٠ی وەزارەتی پێشمەرگە و سەربازانی وەزارەتی بەرگری لە حكومەتی فیدراڵ.
هەروەها، بڕیاردرا بە زیاتر چالاككردنی هەماهەنگی و كارە هاوبەشەكانی لیژنە هاوبەش و تیمە هاوبەشەكانی نێوان سوپاو هێزەكانی پێشمەرگە لە سەنتەرە هاوبەشەكانی نێوانمان، پڕكردنەوە بۆشاییەكان و ئاڵوگۆركردنی زانیارییە هەواڵگرییەكان تاوەكو رێگربین لە دووبارەبوونەوەی كاری لەو جۆرە و زیاتر پتەوكردنی پشتێنە ئەمنییەكان و زیادكردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانمان. 
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، كازمی فەرمانی كردووە بە چالاك كردنی دەزگای هەواڵگری و ئەمنی و خێراكردنی جموجوڵەكانی سوپا و دەزگای ئەمنی و هێزەكانی پێشمەرگە، لە پێناو رێگری كردن لە جموجوڵەكانی چەكدارانی داعش و وشكردنی  سەرچاوەكانی و لێدان لە بنكە و پێگەكانیان.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو