پێزانینیان بۆ پاڵپشتییەکانی هاوسەرۆکی یەکێتی دەربڕی
لاهور شێخ جەنگی پێشوازی لەوەفدێکی باڵای پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سوریا دەكات

  2021-05-03 19:37      124 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمڕۆ دووشەممە (3/5/2021) لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەشاری سلێمانی، پێشوازیکرد لەوەفدێکی باڵای پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سوریا کە پێکهاتبوون لەبەڕێزان ئەحمەد سلێمان، ئەحمەد بەرەکات، سەڵاح دەروێش، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی.
لەدیدارێکدا کە سالار سەرحەد ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە کوردستانییەکان ئامادەیبوو، گفتوگۆ کرا دەربارەی دۆخی رۆژئاواو رێوشوێنەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.
لەسەرەتای دیدارەکەدا لاهور شێخ جەنگی جەختی کردەوە لەسەر نەهێشتنی ئەو ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕووی کوردی رۆژئاوا دەبێتەوە، پێویستیی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان و گرتنەبەری ڕێگەی ئاشتی و زمانی گفتوگۆی دووپاتکردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لەڕۆژئاوا، بەجۆرێک کە ڕۆڵی هیچ لایەنێک نادیدە نەگیرێت، لەو ڕووەشەوە پشتیوانی و هاوکاری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی دووپاتکردەوە.
هاوسەرۆک ئاماژەی بەو پەیوەندییە دێرین و مێژوییە کرد کە لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كوردی سوریا هەیە کە بناغەکەی لەسەر دەستی هەردوو خوالێخۆشبوو مامی گەورەمان و مامۆستا حەمید دەروێش داڕێژراوە، پەرەپێدان و پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانەشی دووپات کردەوە.
هاوکات لاهور شیخ جەنگی دەستخۆشی لێکردن کە سەرباری دژواریی دۆخەکە توانیویانە حزبەکەیان بپارێزن، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن کە دەیانەوێت لەداهاتوودا کۆنگرەیەک سازبکەن.
وەفدەکەش پێزانینی خۆیان دەربڕی بۆ رۆڵی نیشتمانی و هاوکاری و پاڵپشتییەکانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرامبەر کوردی رۆژئاواو پیرۆزباییان لێکرد بەبۆنەی پێکهێنانی هاوپەیمانی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداریکردنی لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو