لاهور شێخ جەنگی: هەڵبژاردنی داهاتوو هەنگاوێکی گرنگە بەئاراستەی گۆڕانکاریی بنەڕەتی و دانانی بناغەیەکی بەهێز بۆ داهاتووی عیراق و هەرێمی کوردستان

  2021-05-03 20:08      133 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمڕۆ دووشەممە (3/5/2021) هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ سەرۆك كۆماری عیراق كۆبوونەوەو لەدیدارێكدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان كرا.
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی: ئەمڕۆ لەگەڵ هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی پێشوازیمان کرد لە د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆککۆماری عراق و لەدیدارێکدا گفتوگۆمان کرد دەربارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان. 
دەشڵێت: لەدیدارەكەدا ئاماژەمان بەگرنگیی رۆڵی نیشتمانیی سەرۆك كۆمار کرد بۆ كاركردن لەسەر یەکخستنی ریزەکان و پەرەپێدانی پڕۆسەی سیاسی بەپشتبەستن بەدەستوور كە بەشداری راستەقینەو نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكان لەخۆبگرێ‌ و سوپاسی د.بەرهەم-مان کرد بۆ ئەو رۆڵەی کە تیادا سەرکەوتوو بووە بۆ دەربازبوون لەو ئاستەنگانەی كە پێشتر هاتوونەتە پێش و تێپەڕاندنی كێشەكان بەشێوەیەكی ژیرانە كە خێرو بەرژەوەندیی گەلی تیادا بێ‌ بەهەموو پێكهاتەكانیەوە. 
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، باسبان لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران کردو رامانگەیاند: هەڵبژاردنی داهاتوو هەنگاوێکی گرنگە بەئاڕاستەی گۆڕانکاریی بنەڕەتی و دانانی بناغەیەکی بەهێز بۆ داهاتووی عیراق و هەرێمی کوردستان. 
نووسیویشییەتی: لەوڕووەشەوە جەختمان لەسەر رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو کردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد کە جێگەی رەزامەندی هەمووان بێت و باسمان لەبەستنی هاوپەیمانیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کرد بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوو، بەهەنگاوێکی گرنگمان لەقەڵەمدا بۆ یەکڕیزیی ناوماڵی کوردو بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانی گەلی کورد لە بەغدا.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو