ئەمڕۆ پەرلەمان خوێندنەوە بۆ راپۆرتی یاسای چاكسازی دەكات

  2021-05-04 10:24      65 جار بینراوە        کۆمێنت

بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، خوێندنەوە بۆ راپۆرتی دووەمی یاسای چاكسازی بكات و ئەندامێكی لیژنەكەش دەڵێت، تائێستا یاساكە نەبۆتە هۆی ئەوەی داهات بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنێتەوەو لەهەندێك بڕگەدا لەقۆناغی رێنمایی دەرنەچووە.
عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ خوێندنەوە بۆ راپۆرتی دووەمی یاسای چاكسازیی دەكەن و بۆچوونی خۆیانی لەسەر دەردەبڕن، دواتریش دەیدەنەوە سەرۆكایەتی پەرلەمان، وتیشی: یاساكە وەڵامدەری ئەم دۆخە گەندەڵی و نادادییە نیە كە لەكوردستاندا هەیە، بەهیچ جۆرێك نابێتە هۆی بەرپاكردنی دادگەری و گۆڕینی دۆخی دارایی هەرێم.
دەربارەی سەرنجەكانیان لەسەر راپۆرتی دووەمی یاسای چاكسازی، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاشكرایكرد، راپۆرتەكە زۆر بەخاوی جێبەجێ دەكرێت، لەهەندێك بڕگەشدا هێشتا لەقۆناغی رێنمایی دەرنەچووە، بەتایبەت لەبواری چاكسازی لەهێزەكانی پێشمەرگەو یەكەكانی 70 و 80 تائێستا هیچ نەكراوە، لەڕاپۆرتەكەشدا هیچ بەرەوپێشچوونێك نابینین لەو بوارەدا.
یەكێكی دیكە لەسەرنجەكانی ئەوپەرلەمانتارە لەسەر رەوتی جێبەجێكردنی یاساكە ئەوەیە، خانەنشینی نەگەڕێندراوەتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەر بەوەزارەتی دارایی كە یەكێك لەئامانجە گەورەكانی یاسای چاكسازی ئەو پرسە بووە.
رونیشیكردەوە، پرسی قەرزەكانی حكومەت كە نۆ مانگ بەسەر تێپەڕبوونی یاساكە تێپەڕبووە، یەكێكی دیكەیە لەڕەخنەكانیان و دەڵێت، لەكۆی 912 ملیار دینار تەنها دووملیارو 900 ملیۆن دینار گەڕاوەتەوە خەزێنەی گشتی، ئەگەر بەمجۆرە بێت 100 ساڵی دیكەی پێویستە تاوەكو هەموو ئەو پارەیە كە لای ئەو كەسانەیە قەرزیان لەحكومەت كردووە بگەڕێنرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە پێشی وایە، تائێستا بەشێوەیەكی گشتی ئیرادەیەكی سیاسی بەهێز نییە بۆ چاكسازی و جێبەجێكردنی یاساكە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو