ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە: داعش كۆتایی نەهاتووەو خۆی رێكدەخاتەوە

  2021-05-04 13:07      85 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، داعش وەكو رێكخراوێكی تیرۆریستی تەواو نەبووەو كۆتایی نەهاتووە، وردە وردە خۆی رێكدەخاتەوەو شانە نووستووەكانی زیندوو كردۆتەوەو دەیەوێت فشارێكی زیاتر بكات لەبەرئەوەی بیسەلمێنێت كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش هەرماوە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایكردووە، یەكێك لەبڕیارەكانی كۆبوونەوەكانی پێشتری نێوان هەردوو لیژنەی باڵای هەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگەو فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق ئەوەبوو كە دەبێت لەهەموو ناوچە ناكۆكەكان، بەتایبەتی لەسەڵاحەدین، دیالە، كەركوك، هەولێرو موسڵ هێڵی هاوبەشی بەرگری هەبێت لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عیراقدا، هێزی هاوبەشیش هەبێت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، تاوەكو ئێستا هەنگاو نەنراوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بابەتە، چونكە‌ لێپرسراوانی باڵای هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە داوای چالاككردنی ئەو رێككەوتنانەی تر دەكەن كە پێشتر كراوە لەكۆبوونەوەكانی ئەو لیژنانە، بۆئەوەی جێبەجێ بكرێت لەڕووی مەیدانییەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، پێشتر لایەنی حكومەتی فیدڕاڵی عیراق و لیژنەی باڵای هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی جددی نەبوون بەهۆی بوونی كێشە لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی عیراق، چونكە كێشەی سیاسی لەناو خودی عیراقدا هەیە. دەشڵێت: پێشتر بابەتە سەربازییەكان بەلارێدا دەبرا، فشاری سیاسی هەبوو لەعیراق كە ئەمە جێبەجێ نەكرێت، بۆیە دەبێت ئەو فشارە سیاسیە لاببرێت لەبەرئەوەی هەڕەشەی داعش هەیەو كاروباری ئەمنی و سەربازی جیابكرێتەوە لەكاروباری سیاسی.
دەربارەی هۆكاری خۆڕێكخستنەوەی داعش لەئێستادا، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە روونیشیكردەوە، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وردە وردە داعش خۆی رێكدەخاتەوەو لەنێوان عیراق و سوریا دەروازەی تایبەتی خۆی هەیە، دەتوانێت جوڵە بكات و شانە نووستووەكانی زیندووكردۆتەوەو دەیەوێت فشارێكی زیاتر بكات، لەبەرئەوەی بیسەلمێنێت كە رێكخراوی تیرۆریستی داعش هەرماوەو دەتوانێت زیان بگەیەنێت.
جەبار یاوەر باسی لەوەشكردووە، وەزارەتی پێشمەرگە هەوڵدەدات زیاتر سەنگەرەكان و هێڵە بەرگرییەكانی توندترو باشتر بكات، لەگەڵ هاوپەیمانان هەماهەنگی بەردەوامیان هەیە كە پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگە بكەن لەڕووی مەشق و لەڕووی ئاسمانی و لەڕووی هەواڵگری و لەڕووی راوێژكارییەوە، لەئاستی عیراقیشدا هەوڵدەدەن ئەو رێككەوتنانەی كە لەبواری هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی هەیە، جێبەجێیان بكەن.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو