ناوەرۆكی كۆبوونەوەی هاوسەرۆكانی یەكێتی و سەرۆكی هەرێم ئاشكراكرا

  2021-05-04 18:12      182 جار بینراوە        کۆمێنت

دوابەدوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نوسینگەی هاوسەرۆكانی یەكێتی رایدەگەیەنێت، جەختكرایەوە لەسەر دروستكردنی كەشێكی ئارام و وەلانانی كێشەو ناكۆكییە سیاسییەكان و دۆزینەوەو دیاریكردنی چوارچێوەیەكی هاوبەش.
ئەمڕۆ سێشەممە 4-5-2021، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەدەباشان پێشوازییان كرد لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شێخ جەعفەر شێخ مستەفاو مستەفا سەید قادر، جێگرانی سەرۆكی هەرێم.
بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی هاوسەرۆكانی یەكێتی، لە دیدارێكدا كە رەفعەت عەبدوڵڵا و رزگار عەلی، ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و ئەمین بابە شێخ و د. میران محەمەد، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئامادەی بوون، گفتوگۆكرا دەربارەی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان و دۆخی سیاسیی ئێستاو پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداو هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پرسی نوسینەوەی دەستورێكی نوێ بۆ هەرێمی كوردستان.
جەختیشكرایەوە لەسەر بەردەوامی گفتوگۆی هەمەلایەنەو پێویستی یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەكان و لێكتێگەیشتنی هاوبەش و كاری پێكەوەیی لەپێناو دروستكردنی متمانەیەكی بەهێز بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەگەڕانەوە، بۆ ئەو رێككەوتنە ئیمزاكراوانەی كە لەنێوان لایەنەكان هەیە بەتایبەت لەسەر بابەتە نیشتیمانیی و ستراتیژییەكان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان، وەك ئەوەی لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.
رونیشیدەكاتەوە، جەختكرایەوە لەسەر دروستكردنی كەشێكی ئارام و وەلانانی كێشە و ناكۆكییە سیاسییەكان و دۆزینەوە و دیاریكردنی چوارچێوەیەكی هاوبەش كە جێگەی رەزامەندی هەموو لایەنەكان بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و دەستكەوتەكان و بەرگریكردن لەمافەكان.
لەدیدارەكەدا هاوسەرۆكانی یەكێتی سوپاسی سەرۆكی هەرێمیان كرد، بۆ ئەو رۆڵە نیشتیمانییەی كە دەیبینێت بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان، هاوكات رووناكییان خستەسەر ئەو كێشەو گرفتانەی كە بوونەتە مایەی قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكان. روانینی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان دووپاتكردەوە بۆ یەكڕیزیی نێوان لایەنەكان و گەیشتن بەدیدی هاوبەش بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكان و هەر پڕۆژەو بڕیارێك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات.
ئاماژە بەوەشكراوە، وەك كوردیش بەپێویستیانزانی لێكتێگەیشتنی زیاتر لەنێوان لایەنەكان دروستبكرێت و بەرژەوەندیی گشتی زاڵ بكرێت لەپێناو داكۆكیكردنی زیاتر لەمافە نەتەوەییەكان و بەهێزی پێگەی كورد لەبەغدا بەتایبەت لەناوچە كێشەلەسەرەكان و نەفەوتانی دەنگی كورد.
لای خۆیەوە سەرۆكی هەرێم پێزانینی خۆی نیشاندا، بۆ هەڵوێست و روانینە واقیعییەكانی هاوسەرۆكانی یەكێتیی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ئەنجامدانی كاری پێكەوەیی نێوان لایەنەكان.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو