كێشەی قیستی یەكەكانی نیشتەجێبوون یەكلایی كرایەوە

  2021-05-05 12:56      190 جار بینراوە        کۆمێنت

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بڕیارەكانی خۆی یەكلاكردەوە لەبارەی قیستی یەكەكانی نیشتەجێبوون و دوو بژاردەی خستۆتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی و پڕۆژەكان بۆ هەڵبژاردنی یەكێكیان، هەر پڕۆژەیەیش پابەند نەبێت سزا دەدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5-5-2021، محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، گشتاندنێكیان ئامادەكردووەو ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەبەرهێنانی دەكەن لەپارێزگاكان بۆ چارەسەری كێشەی قیستی یەكەكانی نیشتەجێبوون، دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.
رونیشیكردەوە، لەگشتاندنەكەدا دوو بژاردە دیاریكراوە بۆ هەڵبژاردنی یەكێكیان كە بریتین لەوەی قیستەكان درێژبكرێتەوە بەوەی نرخی دۆلار وەكو پێشوو هەژمار بكرێت و ئەو بڕەی ئێستا بۆ نرخەكە زیاد بووە بخرێتە كۆتایی و بەقیست وەربگیرێت، وتیشی: بژاردەی دووەم ئەوەیە 100 دۆلار بەنرخی 120 بۆ 130 هەزار دینار دیاری بكرێت.
جەختیشیكردەوە، پێویستە لەماوەیەكی دیاریكراودا بەڕێوەبەرایەتییەكان ئەو پرسە یەكلایی بكەنەوە، هەر كۆمپانیایەكیش پابەند نەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.
دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار، بەشێك لەدانیشتوانی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون رووبەڕووی گرفت بوونەتەوە، بەهۆی پێدانی قیستەكانیان بەدۆلار بەكۆمپانیاكان.
تا ئێستا چەند كۆمپانیایەك بڕیاریانداوە 100 دۆلار بەرانبەر بە 130 هەزار دینار بۆ وەرگرتنی قیست دیاری بكەن، بەڵام زۆربەی زۆری كۆمپانیاكان هیچ نرخێكی نوێیان دیارینەكردووەو بەنرخی بازاڕ دۆلار وەردەگرن.
ئەمە لەكاتێكدایە، مانگی شوباتی ئەمساڵ حكومەتی هەرێم و پەرلەمان و یەكێتی وەبەرهێنەران، لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێنا بۆ بڕیاردان لەبارەی كێشەی قیستی یەكەكانی نیشتەجێبوون، دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێك لەو بارەیەوە نەدراوە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو