هاوسەرۆكانی یەكێتی لەگەڵ وەفدێكی باڵای سەربازیی بەریتانیا دۆخی ئەمنی و چالاكیەكانی داعش تاووتوێدەكەن

  2021-05-05 17:03      211 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمڕۆ چوارشەممە 5-5-2021، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەبارەگای مەكتەبی سیاسی لەشاری هەولێر پێشوازییان كرد لەمارشاڵ سامیوڵ سامپسۆن، گەورە راوێژكاری بەرگریی بەریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقاو ستیفن هیكی، باڵیۆزی بەریتانیا لەعیراق و جەیمس سۆرنتن، كونسڵی گشتیی بەریتانیا لەهەرێمی كوردستان و وەفدێكی یاوەریان.
لەدیدارێكدا كە هەریەك لە د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پۆڵاد شێخ جەنگی فەرماندەی هێزەكانی دژە تێرۆر ئامادەی بوون، گفتوگۆ كرا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی تایبەت بەدۆخی سیاسی و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان و بەردەوامیی مەترسییەكانی داعش لەعیراق و هەرێمی كوردستان و پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەریتانیا، بەتایبەت لەڕووی هاریكاریی سەربازییەوە.
هاوسەرۆكان بۆچوون و سەرنجی خۆیان لەبارەی شانە نووستووەكانی داعش و جموجۆڵەكانیان و رێوشوێنەكانی رووبەڕووبوونەوەیان خستەڕوو، جەختیشیان لەسەر كاری هاوبەش و پێكەوەیی و هەمئاهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگەو سوپای عیراق كردەوە بەپشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانان بەتایبەتی لەكەركوك و‌ ناوچە دابڕێندراوەكان كە بۆشایی ئەمنییان هەیە.
هاوسەرۆكان ئاماژەیان بۆ گرنگی و پێویستی بەردەوامی هاریكارییە سەربازییەكان و ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەعیراق و هەرێمی كوردستان كردەوە، بۆ لەناوبردنی تەواوی چەكدارانی داعش و دوورخستنەوەی مەترسییەكانی تیرۆرو دابینكردنی سەقامگیریی ئەمنی و ئارامی بۆ ناوچەكە.
هاوكات سوپاسی گەل و حكومەتی بەریتانیاو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییان كرد، بۆ پیشكەشكردنی یارمەتی و هاوكاری و پێداویستیی سەربازی و پشتیوانییەكانیان بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان و بەردەوامی مەشق و راهێنان بەهێزەكانی پێشمەرگە.
لەبارەی چاكسازیی و یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە، هاوسەرۆكان ئامادەیی و پشتیوانیی سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان دووپاتكردەوە بەوجۆرەی كە بنەمای یەكسانی و هاوسەنگی تێدا رەچاو بكرێت، خواستی یەكێتییان خستەڕوو بۆ بوونی یەك هێزی پێشمەرگە كە دوور بێت لەهەموو دەستوەردانێك و هەرێمی كوردستانیش ببێت بەخاوەن هێزێكی نیشتیمانیی رێكخراو.
لەكۆتایی دیدارەكەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دیاریكردنی پلان و بەرنامەیەكی گونجاو بۆ بەردەوامی كاری پێكەوەیی بۆ لەناوبردنی یەكجاریی شانە نووستووەكانی چەكدارانی داعش.
وەفدی میوانیش سوپاسی رۆڵ و قارەمانی و قوربانیدانی هێزەكانی پێشمەرگەیان كرد لەشەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا. لەبارەی پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغداو پێگەی هەرێم لەهاوكێشەكاندا، هاوسەرۆكان جەختیان لەیەكڕیزی نیشتمانی و یەكهەڵوێستی كورد لەبەغدا كردەوەو ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق لەنێوان یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان دەستپێك و هەنگاوێكی گرنگ بوو بەئاڕاستەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كورد.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو