سزای نەبەستنی پێوەری ئاوی ماڵان كەمكرایەوە

  2021-05-05 17:14      175 جار بینراوە        کۆمێنت

حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕیاریدا بەكەمكردنەوەی بڕی سزای نەبەستنی پێوەری ئاو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5-5-2021، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەپێی ئەو رێنماییە نوێیەی ئێستا پەسەندكراوە، بڕی سزادانی نەبەستنی پێوەر، بۆ بڕێكی یەكجار زۆر دابەزێندراوە كە ئەمەش راستەوخۆ لەبەرژەوەندی هاوبەشاندایە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەگەڵ ئەوەدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جەخت لەبەستنی پێوەر دەكاتەوەو داوا لەهاوبەشانی ئاو دەكات بەخێرایی پێوەری ئاو ببەستن.
بڕیارە نوێكەی بڕی سزای نەبەستنی پێوەر لەپێشوو و ئێستادا بەمشێوەیەیە:
یەكەم: لەڕێنماییە كۆنەكەدا (پێشوو) بڕی سزادانی شوێنەكانی نیشتەجێبوون و پرۆژە نیشتەجێكانی وەبەرهێنان بۆ ماوەی دوای سێ مانگ 200 هەزار دینار بوو، بەڵام لەڕێنماییەكەی ئێستا بۆ 80 هەزار دینار كەمكراوەتەوە، واتا هاووڵاتییان 120 هەزار دینار لێخۆشبوون دەیانگرێتەوە.
دووەم: پەرستگاكان، لەڕێنماییە كۆنەكەدا بڕی پارەی وەرگیراو (سزا) 200 هەزار دینار بوو، بەڵام لەو رێنماییە نوێیەدا بۆ 100 هەزار دینار كەمكراوەتەوە.
سێیەم: ئەو دامودەزگا حكومییانەی كە بەهەر هۆكارێكەوە پێوەریان نەبەستووە، لەڕێنماییە كۆنەكەدا دەبوو بڕی 300 هەزار دینار بدەن، بەڵام ئێستا بۆ 100 هەزار دینار كەمكراوەتەوە، واتا 200 هەزار دینار لێخۆشبوون دەیانگرێتەوە.
چوارەم: كەرتی نیمچە حكومی كە وەبەرهێنان نەبێت، لەڕێنماییە كۆنەكە دەبوو بڕی 350 هەزار دینار بدەن، بەڵام ئێستا بۆ 100 هەزار دینار كەمكراوەتەوە، واتا 250 هەزار دینار كەمكراوەتەوە.
پێنجەم: كەرتی بازرگانی، پیشەسازی، گەشتیاری و وەبەرهێنان لەڕێنماییە كۆنەكە بۆ دوای سێ مانگ بڕی سزادان 400 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا ئەو بڕە بۆ 200 هەزار دینار كەمكراوەتەوە، واتە بەڕێژەی سەدا پەنجا لێخۆشبوون كراوە.
شەشەم: شوشتنگە بەهەموو جۆرەكانی بۆ دوای سێ مانگ بڕی 450 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بەڕەچاوكردنی دۆخە ئابوورییەكە بۆ 250 هەزار دینار كەمكراوەتەوە.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو