بافڵ تاڵەبانی: دەبێت هەڵبژاردن، بێدەستوەردان لەكەشێكی سەقامگیرو ئارامدا ئەنجام بدرێت

  2021-06-10 13:31      101 جار بینراوە        کۆمێنت

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرایكرد، تاوەكو ئەمڕۆ كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عیراق، دكتۆر بەرهەم ساڵح-ە.
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی شەرقییە كە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-6-2021 پەخش دەكرێت رایگەیاند، بەرهەم ساڵح، توانیویەتی لەدۆخێكی زۆر قورسدا خزمەتی ئەم میللەتە بكات، بۆیە تا ئێستا كاندیدی ئێمەیە بۆ ئەو پۆستە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، یەكێتی بەهێزەوە لەبەغدا ئامادە دەبێت، هێشتا زۆر زووە بۆ قسەكردنی لەسەر هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنەكان، ئێمە لەكوردستان لێكتێگەیشتنمان هەیە لەگەڵ هەندێك لایەن، بەڵام دژی هیچ لایەنێك نییەو پێمان وایە دەبێت كورد لەم قۆناغەدا یەكگرتوو و یەك هەڵوێست بێت.
لەبارەی سەردانەكەی بۆ بەغدا، بافڵ تاڵەبانی وتی: ئێمە لەگەڵ هاوكارەكانی خۆمان زۆر شتمان باس كرد، بەدڵنیاییەوە باسی هەڵبژاردنەكانمان كرد، گەلی كورد داوای هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵام ئامادەین بۆی، تەنانەت یەكێتی بڕوای وایە كە دەبێت لەم كاتەی ئێستادا هەڵبژاردن بكرێت، وتیشی: پێمان وایە دەبێت هەڵبژاردنەكان لەكەشێكی سەقامگیرو ئاسایشدا ئەنجام بدرێت، دور لەهەموو دەستێوەردانێك، پێمان باشە لایەنێكی وەك نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان بكات، بەڵام سەروەری عیراق زۆر گرنگە بۆ ئێمەو پێمان وایە دەبێت دۆسیەی هەڵبژاردنەكان لەدەستی خۆماندا بێت.
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت، هیوادارین هەڵبژاردنەكان سەركەوتوو بن و هەروەها حكومەتێكی باشتر پێكبهێنرێت كە لەوەی ئێستا زیاتر خزمەتگوزارتر بێت.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو