لاهور شێخ جەنگی: گەڕانەوە بۆ دیالۆگ‌و ڕێگەی ئاشتی باشترین بژاردەیە بۆ کۆتاییهێنان بەکێشەکان

  2021-06-10 23:24      136 جار بینراوە        کۆمێنت
دیمه‌نێك له‌ دیداره‌كه‌

ئەمڕۆ پێنجشەممە١٠ـی٦ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە ئۆرلیک شانون باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق و ئاشلی دۆریک لێپرسراوی نوسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارێکدا کە د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی ئامادەی بوو، بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەكە و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق.
لاهور شێخ جەنگی هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دووپات کردەوە بۆ یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەکان لە پێناو دابینکردنی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری بۆ هاووڵاتییان، نیگەرانی خۆشی خستەڕوو لەو بارگرژییانەی کە لە ئارادان و وتی: گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و ڕێگەی ئاشتی باشترین بژاردەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکان.
هاوسەرۆک جەختیکردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشکی شێری بەردەکەوێت لە خستنەگەڕی هەوڵەکان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و پابەندبوونی هەردوولا بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوانیان لەسەر بنەمای دەستوور، لە پێناو دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و مووچەی مووچەخۆران و چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیی مەترسییەکانی تیرۆر و سەرهەڵدانەوەی شانە نوستووەکانی چەکدارانی داعش، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە کە دەتوانرێت لەو ناوچانە و لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە کۆتایی بەو گرووپە تیرۆریستییانە بهێندرێت.
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقەوە لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند: بەلای ئێمەوە هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسی گرنگە و لەو ڕێگەیەوە دەتوانین ئامانجەکانمان بەدی بهێنین و گۆڕانکاریی ڕاستەقینە بکەین، هەر بۆیە یەکێتیی لەگەڵ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دوور لە دەستێوەردانە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانی نێودەوڵەتی.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا لاهور شێخ جەنگی جەختیکردەوە کە یەکدەنگی و یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان دەبێتە مایەی بەدەستهێنانی تەواوی مافەکان و بەهێزیی پێگەی کورد لە بەغدا، وتیشی لەو چوارچێوەیەشدا و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان یەکێتیی و بزووتنەوەی گۆڕان هەنگاوێکی گرنگیان نا بە پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، هانی هەموو لایەنەکانی تریش دەدەین کە لە ژێر چەتری ئەو لیستەدا کۆببنەوە و یەکدەنگیی کورد بپارێزن.
وەفدی میوان پێزانینی خۆیان پێشکەش بە هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد و باری سەرنجی خۆیان خستەڕوو بەرامبەر بە کۆی ئەو پرسانەی خرانەڕوو.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو