تا مانگی‌ 4 نزیكه‌ی‌ 700 هه‌زار گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمه‌وه‌

  2021-06-11 18:15      77 جار بینراوە        کۆمێنت
نزیکەی 700 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە

سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 700 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، زۆرینەشیان گەشتیاری شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.
له‌و باره‌یه‌وه‌، ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "بەپێی دوایین ئامار کە لەبەردەستمانە لە کانوونی دووەم تاوەکو نیسان، نزیکە 700 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، ئێمە دەمانەوێت ئەو ژمارەیە زیادبکەین ئەویش بە ئاسانکاریکردن بۆ گەشتیاران، خۆشبەختانە ئێستا رۆژانە وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاریدا زیاد دەبێت و هەوڵدەدەین بۆ ساڵی داهاتوو کۆمەڵێک پرۆژەی جیاوازترمان بۆ گەشتیاری هەبێت، تاوەکو ژمارەی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان زیادبکات".
لەبارەی شوێنی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان ئەمەل جەلال ئاماژەی بەوە کرد، "زۆرترین گەشتیار کە دێنە هەرێمی کوردستان، گەشتیاری شارەکانی دیکەی عێراقن، لە وڵاتانی دیکەش، بەتایبەت ئێران و تورکیا، گەشتیار دێنە هەرێمی کوردستان، لە وڵاتانی عەرەبییش خواست هەیە بۆ هاتنی گەشتیاران، لە ئەوروپاش بۆ چالاکییە سەرکێشییەکان گرووپ دێن، بەڵام ژمارەیان کەمە و هەوڵدەدەین ئەوەش زیادبکەین".

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو