وەزارەتی تەندروستی: داخستنی نەخۆشخانەی هیوا دوورە لەڕاستییەوە

  2021-06-19 12:51      139 جار بینراوە        کۆمێنت

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەڕوونكردنەوەیەكدا هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە باس لەوەدەكەن نەخۆشخانەی هیوا لەشاری سلێمانی دادەخرێت یان بەكەرتی تایبەت دەفرۆشرێت و رایدەگەیەنێت : ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەكی نییەو دوورە لەڕاستییەوەو كێشەكان چارەسەر دەكرێن.
وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: نەخۆشخانەی هیواو هەموو نەخۆشخانەو سەنتەرەكانی شێرپەنجە لەهەرێمی كوردستان، تەواوی خزمەتكردنی نەخۆش بەخۆڕاییەو لەڕوانگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی ئەم نەخۆشخانانە هەردەم جێگای بایەخ و گرنگیپێدان بوون و تەواوی پاڵپشتی و ئاسانكارییان بۆ دەكرێت و چەندین پڕۆژەی دروستكردن و فراوانكردن و دابینكردنی ئامێرو پێداوستییەكان لەبواری جێبەجێكردندان، دەشڵێت: ئەمە وێڕای دابینكردنی دەرمان و چارەسەری تیشكی و نەشتەرگەری و خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەكان كە تێچوویان مانگانە چەندین ملیار دینارە.
لەڕوونكردنەوەكەشدا هاتووە: هاووڵاتیان و پزیشكان و كارمەندانی نەخۆشخانەی هیواو هەموو سەنتەرەكانی دیكەی شێرپەنجە دڵنیادەكەینەوە بەپاڵپشتی هەموولایەك هەر كێشەو كەموكورتی و پێداویستییەكیان وەكو خەرجكردنی بودجەی (بەدەل عیادە) بەپێی پێویستیان و هاوسەنگی دابەشكردن لەسەر بنەمای یەكسانی و پابەندبوون بەڕێنماییەكانی چاكسازی و هەمواركراو چارەسەر دەكرێت، هەروەها هەموو پاڵپشتی و ئاسانكارییەك دەكەین بۆ كۆمپانیاكانی دابینكەر بۆ وەرگرتنی شایستەكانیان لەوەزارەتی دارایی لەپێناو بەردەوامبوونی دابینكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لەهەرێمی كوردستان.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو