مەلا بەختیار: خەلیل توركمان (خانەقین ) لوتكەی شۆڕشگێڕی راستگۆ بوو

  2021-06-19 15:36      259 جار بینراوە        کۆمێنت

مەلا بەختیار بابەتێكی لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لەسەر شەهید خەلیل توركمان بڵاوكردووتەوە، كەساڵی 1989 شەهید بووەو چوارشەممەی رابردوو رووفاتەكەی دۆزراوەتەوە.

دەقی بابەتەكە...

خەلیل توركمان، لاوێكی خوێن گەرمی دوژمنی تەعریب و ئاشقی ئازادی بوو. لەدایكبووی مەندەلی و پەروەردەی خانەقینە. هەر كە ئەقڵ و تەمەنی پێگەیشت، ( 1984 ) خۆی گەیاندە پێشمەرگەو لەپێشمەرگایەتیشدا، سەنگەری چەپی هەڵبژارد. گوێی نەدایە رێی سەختی ململانێ‌ و پڕوپاگەندەی دژە چەپ.
لەكاتی لێقەومانی ئاڵای شۆڕش، كەم نەبوون ئەوانەی مەیدانیان چۆڵ كرد، بەڵام خەلیل، هەڵوێستی ئەتووت تافایی ( ئاوی خوڕ ) ئەڵوەنەكەی خانەقینە. لەكاتی لێقەوماندا، خەلیل زیاتر دەربەستی خەباتی چەپ بوو. بۆئەوەی بیسەلمێنێ‌ چەپەكان چەند شۆڕشگێڕن و چۆنیش بەرگەی سەختییەكان دەگرن، خۆی و دەیان هاوڕێی، رێی هات و نەهاتیان گرتەبەرو خۆیان گەیاندە دەوروبەری شەقڵاوە. لەوێشەوە، دەیانویست بۆ هەموو لایەكی دەربخەن، كە چەپەكان نەك دڵی پێشمەرگە سارد ناكەنەوە (وەكو درۆیان بۆ هەڵدەبەسترا ) بەڵكو بەتوانایەكی كەمیش، دەچنە گژ فاشییەكاندا.
خەلیل و سەپانی هاوڕێبازی، دوای شەهید كردنی سێ‌ لاوەكەی خانەقین بە غەدر ( عیدان و ئەكرەم و حەیدەر ) لەسەر دەستی دژە چەپەكان، رقی پیرۆزی زیاتر دەبێ‌. بۆیە بەبڕیار دەچنە ناو هەولێر، هەتا كارێكی شۆڕشگێڕانە ئەنجام بدەن، بەداخەوە، بەپیلانێكی نامەردانە مانگی (11/1989) دوای ( 5 ) ساڵ پێشمەرگایەتی و سەنگەری شۆڕشگێڕانە، دەخرێنە داوی رژێم و گیانی دوو شۆڕشگێڕ، دوو قارەمان، دوو تێكۆشەری چەپ، دەكرێتە قوربانی كوردستان و كرێكارو رەنجدەران.
رۆژی چوار شەممەی رابردوو، لەڕێی هاوسەنگەرەكانی خەلیل و سەپان، رووفاتیان لەهەولێر دۆزرایەوە، تاقمی كلاشینكۆف و نیتاقەكەی.. شایەتی قارەمانێتی خەلیل و سەپان و هاوڕێكانیانە. خەلیل شەو میوانی بەندە بوو لەبارەگاكەماندا.. بەیانییەكەی خۆم و هاوڕێ‌ دێرینەكانمان بەڕێزەوە بەڕێمانكرد بۆ خانەقین.. خەڵكی خانەقینیش، بەتایبەتی هاوڕێ‌ و ئاشنایانی خەلیل و كەسوكاری، جوامێری شارەكەیان دەرخست و بەشكۆوە، لەتەنیشت شەهیدانی خانەقین.. حوسێن مەنسورو وەسفیە بەنی وەیس و جەلیل و شەهیدانی تر، سپاردیانە كوردستان و دوا ڕۆژی ئامانجی كرێكاران و دادپەروەری كوردەواری. 
سوپاسی گروپی ( بانان ) دەكەم كە ئەركێكی زۆر دڵسۆزی بۆ گێڕانەوەی شەهید خەلیل و شەهیدانی تری خانەقین، دەكێشن. 
خۆزگە لەمەراسیمی ناشتنەوەی شەهید خەلیل دا، هاوڕێیەكی خەلیل، مێژووی خەلیلی وەكو خۆی باسكردایە.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو