لاهور شێخ جەنگی: بەشداریپێكردنی ئێزدییەكان لە چوارچێوەی ڕێككەوتنامەی شنگال، فاكتەرێكی گرنگە بۆ دابینكردنی ئارامیی قەزاكە

  2021-06-22 13:56      260 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢- ٦-٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەشاری سلێمانی پێشوازیكرد لەماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمەریكا لەعیراق و رۆب واڵەر، كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لەهەرێمی كوردستان و وەفدێكی هاوڕێیان.
لەدیدارێكدا بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا دەربارەی دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان لەهەموو ئاستەكان، لەگەڵ دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكاندا.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر یەكڕیزیی نێوان لایەنەكان لەپێناو ئارامی و سەقامگیریی سیاسیی هەرێم.
هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی ئاماژەیكرد، بەپێكهێنانی لیستی هاوپەیمانی كوردستان كە لەنێوان یەكێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو لەپێناو یەكڕیزی و بەهێزیی پێگەی كورد لەبەغدا، وتیشی: هاندەر دەبین بۆ لایەنەكانی تر كە دوای هەڵبژاردن بێنە ژێر چەتری ئەو هاوپەیمانیەتییە، چونكە ئێمە وایدەبینین بەیەكەوە بەهێزترین و دەتوانین تەواوی مافەكانی كورد لەبەغدا بەدەستبهێنین.
باسی لەوەشكرد، ئێمە بەشداریی شەڕی دۆڕاوی براكوژی ناكەین و داوا دەكەین بەئاشتی كۆتایی بەو گرژییانە بهرێندرێت كە لەئارادان.
دووپاتیشی كردەوە، وەك‌‌ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ چاكسازیی و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، جەختیشیكردەوە كە راگرتنی بنەمای هاوسەنگی و باڵانسی هێزو یەكسانی لەفەرماندەیی و مەشق و چەكدا دەبێتە مایەی زەمینەیەكی گونجاو بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگەو هەرێمی كوردستانیش دەبێتە خاوەنی هێزێكی نیزامیی مەشقپێكراوی تۆكمەی نیشتمانی.
هاوسەرۆك بەردەوامی مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەعیراق بەپێویست زانی بۆ هاوكاریكردنی سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە بەتایبەت لەشەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئاماژەی بەدۆخی شنگال كردو جەختیكردەوە لەسەر پەراوێزنەخستن و بەشداریپێكردنی ئێزدییەكان لەچوارچێوەی رێككەوتنامەی شنگال كە فاكتەرێكی گرنگە بۆ دابینكردنی ئارامیی قەزاكە.
لەبەشێكی تری دیدارەكەدا هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی، پێزانینی خۆی پێشكەش بە ڕۆب واڵەر كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لەهەرێمی كوردستان كرد بەبۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەی لەهەرێم و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لەئەركەكانی داهاتووی. وتیشی: وەك سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانیی بۆ هەوڵ و چالاكیی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان دەردەبڕین.
لای خۆیەوە باڵیۆزی ئەمەریكا هاوڕایی خۆی دووپات كردەوە بۆ سەرنج و روانینەكانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سوپاسی پشتیوانییەكانی بەڕێزیانی كرد لەچاكسازیی و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.


بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو