وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌ باس له‌مادده‌ نوێییه‌كانی‌ خۆراك ده‌كات‌و كاتی‌ دابه‌شكردنی‌ ئاشكراده‌كات

  2021-06-23 14:57      303 جار بینراوە        کۆمێنت
زیادكردنی‌ ژماره‌ی‌ مادده‌ خۆراكییه‌كان‌و كڕینی‌ باشترین جۆر لێیان‌

وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ی‌ حوزه‌یران، رایگه‌یاند كه‌ فاسۆلیای‌ سپییان پێگه‌یشتووه‌، له‌چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و سه‌به‌ته‌ خۆراكییه‌ی‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی‌ داهاتووه‌وه‌ له‌ڕێی‌ بریكاره‌كانی‌ خۆراكه‌وه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌ش بكرێت. 
وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌ عیراق، له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ كۆپییه‌كی‌ ده‌ست PUKNOW كه‌وتووه‌، رایگه‌یاندووه‌" وه‌رگرتنی‌ مادده‌كانی‌ سه‌به‌ته‌ی‌ خۆراك كه‌ دوای‌ بڕیارێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران دێت، له‌ چوارچێوه‌ی‌ پلانێكی‌ كۆمپانیای‌ خۆراكدایه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ سه‌به‌ته‌ی‌ خۆراك كه‌ له‌ڕێی‌ فۆڕمی‌ خۆراكه‌وه‌ دابه‌ش ده‌كرێت‌و جگه‌ له‌ شه‌كر و رۆن‌و برنج، له‌ ماده‌كانی‌ دۆشاوی‌ ته‌ماته‌ و باقله‌مه‌نییه‌كان پێكدێت".
ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ " دوای‌ وه‌رگرتنی‌ شه‌كر و برنج له‌لایه‌ن گه‌نجینه‌كانی‌ كۆمپانیای‌ خۆراكه‌وه‌ له‌ به‌غداو پارێزگاكان، فاسۆلیای‌ سپیش گه‌یشتووه‌ته‌ گه‌نجینه‌كان‌و پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ تاقیگه‌كاندا پشكنینی‌ بۆ ده‌كرێت، ده‌ستده‌كرێت به‌ داگرتنی‌‌و پاشان گه‌یاندنی‌ به‌گه‌نجینه‌كان".
هه‌ر له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه‌: ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی‌ له‌ بابه‌تی‌ سه‌به‌ته‌ی‌ خۆراكدا كراوه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ زیادكردنی‌ ژماره‌ی‌ مادده‌ خۆراكییه‌كان‌و كڕینی‌ باشترین جۆر لێیان‌و دابه‌شكردنیان له‌ شێوه‌ی‌ سه‌به‌ته‌ی‌ خۆراكدا به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا، ده‌بێته‌هۆی‌ رێكوپێك كردنی‌ كاتی‌ دابه‌شكردنیان‌و سه‌ره‌نجام باشكردنی‌ ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌ پێشكه‌شیان ده‌كات.

سەرچاوە: سۆمه‌رییه‌نیوز
وه‌رگێڕان‌و داڕشتنه‌وه‌ی‌: رێباز حەبیب

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو