رێككەوتنی عیراق و چین دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

  2021-07-21 09:58      185 جار بینراوە        کۆمێنت

راوێژکاری ئابووریی و دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، عێراق بەچەند قۆناغێك لەنێوان ساڵانی 2018و 2019 رێککەوتنی هاوکاری لەگەڵ چین واژۆکردو بەوە دەستپێدەکات، هەردوولا بە هاوبەشیی پارە تەرخان بکەن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ژێرخان لە عێراقدا.
 
مزهەر محەممەد ساڵح، راوێژكاری سەرۆك وەزیران لەلێدوانێكیدا بۆ میدیای رەسمیی عیراق ئاماژەی بەوەدا كەڕێككەوتنەكە لەسەر بنەمای ئەوە بنیادنراوە كەعێراق رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی چین بکات و داهاتەکەی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان بێت، کە لەلایەن کۆمپانیا چنییەكان جێبەجێبکرێن. ئێستاش رێككەوتنەكە لەقۆناغی جێبەجێكردندایەو پارەکە دەچێتە سەر ئەو هەژمارە بانکییەی کە بۆ ئەو رێککەتنە دروستکراوە.
 ناوبراو ئەوەشی روونكردەوە كەلەبەر دوو هۆكار رێککەوتنەكە لەساڵی 2020 جێبەجێنەکرا، ئەوانیش پەسەندنەكردنی بوجەی عیراق و هەروەها بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا كە وایكرد چین بەڕووی جیهاندا دابخرێت. لەبارەی گرنگترین ئەو پڕۆژانەش كە لەچوارچێوەی رێككەوتنەكە جێبەجێدەكرێن، راوێژکارەكەی کازمی ئاماژە بەوە دەدات کە بە هەندێ کاری سادە دەستیپێکردووە، بەڵام عیراق ئەو پرۆژانە دیاری دەکات کە گرنگن بەتایبەتی دروستکردنی قوتابخانە، پرۆژەکانی ئاوی خواردنەوەو هەروەها پترۆکیمیایی.
 راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران جەخت لەوە دەکاتەوە، رێککەوتنەکە تەمەنی 20 ساڵە، دەشڵێ: چین چالاکی گەورەی لە عێراق هەیە، لەوانە لە کەرتی نەوتی دا. بەپێی زانیارییەکان نزیکەی 40٪ی پرۆسە نەوتییەکانی باشووری عێراق، کۆمپانیا چینییەکان دەیکەن، وێڕای ئەوەی زۆرترین کرێکاری بیانی لە عێراق، کرێکاری چینیە. لە بەرامبەردا نابێت ئەوەش لەیاد بکەین کە پەیوەندیی نەوتیی نێوان هەردوو وڵات پەیوەندییەکی قوڵە، زۆرترین نەوتی عێراق بۆ چین هەناردە دەکرێت بەجۆرێك کە دەگاتە 40% بۆ 45% .
مانگی ئەیلوولی ساڵی 2019 وەفدێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشوو سەردانی چینی کرد، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە رێککەوتنی هاوبەشیان واژۆکرد، کە چەندین بواری جیاجیای لەخۆ گرتووە. بەپێی رێککەوتنەکە رۆژانه‌ عێراق 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌هه‌ردوو كۆمپانیای (زنهوا، سینوك)ی چینی ده‌فرۆشێت. ئاستی به‌شداری بانكی چینیش بۆ سندوقی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا 10 ملیار دۆلار ده‌بێت، له‌ ئەگەری سه‌ركه‌وتنی قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كان، عێراق راده‌ستكردنی نه‌وت به‌ كۆمپانیا چینیه‌كان بۆ 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له ‌رۆژێكدا زیاد ده‌كات و چینیش بڕی پێدانی پاره‌ بۆ 30 ملیار دۆلار زیاد ده‌كات.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو