ئەوەی ڤاكسینی وەرنەگرتووە، لەمەترسییەك ئاگاداردەكرێتەوە
كۆڕۆنای دەلتا، مەترسیدارترین ڤایرۆسە توشی مرۆڤ دەبێت

  2021-07-21 10:56      253 جار بینراوە        کۆمێنت

بەرپرسانی تەندروستیی ئێستاو پێشووتری ئەمریكا ئاماژە بەوە دەدەن كە چەندین ملیۆن هاووڵاتیی بەهۆی وەرنەگرتنی ڤاكسینی كۆڕۆناوە، تەندروستی و ئازادیی و دارایی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، بەهۆی ئەگەری توشبوونیان بە كۆڕۆنای گۆڕاوی دەلتا، كەبەشێوەیەكی زۆر خێرا بڵاودەبێتەوە.
لەدیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی cbs، دكتۆر سكۆت جۆتلیب كە لەئیدارەی دۆناڵد ترەمپ كۆمیساری بەڕێوەبردنی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا بوو، ئاماژەی بەوەدا خەڵك یان دەبێ ڤاكسین وەرگرن یان تووشی كۆڕۆنای گۆڕاوی دەلتا دەبن. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە زۆربەی ئەوانەی تووشی ئەمجۆرەی كۆڕۆنا دەبن، دەبێ ئەوە بزانن كە مەترسیدارترین ڤایرۆسە لەژیانیاندا توشی ببن و رەنگە بیانخاتە خەستەخانەوە.
لەتوێژینەوەیەكدا كە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوكرایەوە، زانایان دوای ئەوەی پشكنینیان بۆ 62 حاڵەتی توشبوون بەكۆڕۆنای گۆڕاوی دەلتا كرد، بۆیان دەركەوت قورساییەكەی ئەمجۆرە كۆڕۆنا گۆڕاوە نزیكەی 1260 جار زیاترە لەو پشكنینانەی كە بۆ 63 حاڵەتی توشبووان بەكۆڕۆنای سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاكە كرابوو.
جۆری نوێی پەتای كۆڕۆنا، كە بە كۆڕۆنای دەلتا ناسراوە، تووشی كەسانی تەمەن بچوك دەبێت كەپێشتر تووشی كۆڕۆنا سەرەتاییەكە نەدەبوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، ئێستا زۆربەی تووشبوان لەخەستەخانەكانی ئەمریكا كەسانی تەمەن بچوكن بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لەبیستەكاندایە.
لەلایەكی ترەوە، جۆن بیل ئیدواردز، حاكمی ویلایەتی لویزیانا رۆژی هەینی رابردوو رایگەیاندبوو كە لەوەتەی شوباتی ئەمساڵەوە، 97%ی حاڵەتەكانی توشبوون و مردن بەهۆی كۆڕۆناوە لەویلایەتەكەدا، ئەوانەن كە ڤاكسینی تەواویان وەرنەگرتووە.

سەرچاوە: sumaria news

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هاوناز شەوکەت

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو