هێزەكانی دژە تیرۆر: دژەتیرۆر ھێزی خەڵک و ھەموو رەنگ و بۆچوونە جیاوازەکانە

  2021-07-23 16:18      252 جار بینراوە        کۆمێنت

ھێزەکانی دژە تیرۆر رایدەگەیەنن: ھێزی دژەتیرۆر ھێزی خەڵک و ھەموو رەنگ و بۆچوونە جیاوازەکانە و دوورو نزیک پەیوەندی بەھیچ کارێکی نایاسایی و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن و داگیرکردنی موڵکی گشتییەوە نییە.

ھێزەکانی دژە تیرۆر لەڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە، دژەتیرۆر ھێزێکی تایبەت و مەشق پێکراو بەدیسپلینی سەربازیی نیشتیمانییە، رۆڵی گرنگ و کاریگەری بینیوە لەڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایش لەھەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە لەچەند رۆژی رابردوو، چەندین پەیج و ئەکاونتی سێبەرو بێخاوەن و بەکرێگیراو،  ھێرشی ناڕەواو بێبنەما دەکەنە سەر ھێزەکەمان و بە ئەجێنداو مەرامی تایبەتی بوختانمان بۆ ھەڵدەبەستن.
ھێزەکانی دژە تیرۆر ئاشکرایانکردووە، ھێزەکانیان دوورو نزیک پەیوەندی بەھیچ کارێکی نایاسایی و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن و داگیرکردنی زەوی و موڵکی گشتییەوە نییەو نەبووە ، بەڵکو راستییەکە ئەوەیە  ھەندێ کەسی نابەرپرس لەدەرەوەی ویستی ئێمەو بەخواستی چەند کەسێکی یاساشکێن و دوور لەدەسەڵاتی ئێمە ناوو ناوبانگی ئەم دەزگایەی بەکارھێناوە بۆ کاری نایاسایی و دەستدرێژکردن بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی کە بەڕەسمی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر نەبوون، چەند کەسێکیش کە تێوەگلابوون بەم کارە نایاساییانە بەڕەسمی دەرکراون و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوەو چیتر رێگەش نادرێت کەسانێکی بەرژەوەندیخواز بۆ مەرامی تایبەتی دەست لەکاروباری دژەتیرۆرەوە وەربدات . 
لەڕوونكردنەوەكەی دژەتیرۆردا هاتووە، وەک ھەمیشە لەسەنگەری خەڵک ، سەروەری یاسا ، ئارامی و ئاسایش و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و شکۆی ھەرێمی کوردستان دەبێت، ئەرکی سەرەکیمان رووبەڕووبوونەوەی ھەر پیلانێکە کە بیەوێت ئارامی لەخەڵک تێکبدات.
ئاشکراشیدەکەین، ھێزی دژەتیرۆر ھێزی خەڵک و ھەموو رەنگ و بۆچوونە جیاوازەکانەو بەگڕوتینێکی نوێ و بە بەھێزترەوە لەڕابردوو، پشتیوان بەخوای گەورەو بەھاوکاری ھەمووان و ھێزی پێشمەرگەو ھێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ لەئەرکداین بۆ پاراستنی کوردستانەکەمان و سەقامگیری زیاتری ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنان و ھەڵھاتوان لەیاسا .

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو