دەزگای زانیاری: هه‌ركه‌سێك له‌هه‌ر پله‌و پایه‌یه‌كدا بووبێت تێوه‌گلابێت له‌تاوان و كاری نایاسایی، ده‌ستگیرده‌كرێت

  2021-07-23 19:34      358 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەمڕۆ هەینی (23/7/2021) ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كادرو كارمه‌ندانی ئاژانس و له‌ناویشیاندا پێشمه‌رگه‌ گیان له‌سه‌رده‌سته‌كانی دژه‌ تیرۆر، قاڵبووی خه‌باتی نیشتمانی و په‌روه‌رده‌كراوی دیسپلینی سه‌ربازین.
دەقی روونكردنەوەكە...
روونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ رای گشتی 
هاونیشتمانیانی به‌ڕێز
دابینكردنی سه‌قامگیری و ئاسایش و رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان، پرۆسه‌یه‌كی هه‌واڵگریی ورده‌و به‌نهێنی و به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌، به‌ڵام چه‌ند رۆژێكه‌ له‌په‌راوێزی هه‌ندێ پێشهات، هه‌ڵمه‌تێكی میدیایی له‌دژی پرۆسه‌كانی سه‌قامگیری و ئاسایش ده‌ستی پێكردووه‌، هه‌ندێ لایه‌ن به‌مه‌رامی زیانگه‌یاندن به‌ناوبانگی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی دژه‌ تیرۆری سه‌ر به‌ ئاژانس، هه‌واڵی بێ بنه‌ما له‌سه‌ر ئه‌فسه‌رو كارمه‌ندانی ئه‌م ده‌زگا تێكۆشه‌ره‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌یانلكێنن به‌هه‌ندێك كاری نه‌كراوه‌وه‌.
ئه‌وه‌ دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌‌ كه‌ ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری، خاوه‌نی ناوبانگی نیشتمانی و كوردستانییه‌، جێده‌ستی له‌پاراستنی ئه‌زموونی حوكمڕانیی هه‌رێم و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆرو سیخوڕی و تاواندا به‌رجه‌سته‌و باڵایه‌، كادرو كارمه‌ندانی ئاژانس و له‌ناویشیاندا پێشمه‌رگه‌ گیان له‌سه‌رده‌سته‌كانی دژه‌ تیرۆر، قاڵبووی خه‌باتی نیشتمانی و په‌روه‌رده‌كراوی دیسپلینی سه‌ربازین، پابه‌ندن به‌یاسا به‌ركاره‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌چوارچێوه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و ئیتیكی پیشه‌ییدا ره‌فتار ده‌كه‌ن و ته‌نها رێ پێدراون ئه‌و ئه‌رك و فه‌رمانانه‌ جێبه‌جێبكه‌ن كه‌ ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری له‌پێناو دابینكردنی ئاسایشی نیشتمانیی هه‌رێمی كوردستان پێیان ده‌سپێرێت.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی دژه‌ تیرۆر، به‌شێكه‌ له‌شانازییه‌كی مێژوویی و به‌رده‌وامی گه‌لی كوردستان، به‌شدارێكی به‌هێزی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تییه‌ دژ به‌تیرۆر، رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌سه‌رخستنی جه‌نگی جیهانیی دژ به‌تیرۆرو له‌پێناو پاراستنی دیموكراسی و ئازادی و ئارامیی و مرۆڤایه‌تی قوربانیی داوه‌و به‌خوێنی شه‌هیدو بریندارو شاره‌زایی و پشوودرێژیی ئه‌فسه‌ره‌كانی، سه‌دان نه‌به‌ردی مێژوویی پڕ شانازی بۆ گه‌له‌كه‌مان تۆمار كردووه‌.
به‌م روونكردنه‌وه‌یه ئه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین كه‌‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر گومانه‌كانی خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات، یه‌كێكه‌ له‌ئه‌ركه له‌پێشینه‌كانی ‌ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری‌، دڵنیابن رێگه‌ ناده‌ین ناوی ئاژانس بۆ مه‌رام و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی هیچ كه‌سێك به‌كاربێت، به‌ڵێنتان پێده‌ده‌ین هه‌ركه‌سێك له‌هه‌ر پله‌و پایه‌یه‌كدا بووبێت تێوه‌گلابێت له‌تاوان و كاری نایاسایی، ده‌ستگیرده‌كرێت، راپێچی به‌رده‌م یاسا ده‌كرێت و رای گشتیش له‌ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌و سزادانی‌‌ ئاگادارده‌كرێته‌وه‌، هاوكات رێكاری یاسایی ده‌گیرێته‌به‌ر به‌رامبه‌ر هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك كه‌ بیه‌وێت به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی بێ بنه‌ما، ئه‌رك و ماندوبوونی ئه‌فسه‌رانمان بخاته‌ ژێر پرسیارو گێره‌شێوێنی بكات تا ناوو ناوبانگیان بزڕێنێت.
وته‌بێژی سه‌رۆكی
ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری
23-7-2021

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو