ئەمریكا پشتگیریی گۆڕانكاری و چاكسازییەكانی ناو یەكێتی دەكات

  2021-08-02 19:12      497 جار بینراوە        کۆمێنت

سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتیی رایدەگەیەنێت، ئەمریكا پشتگیریی تەواوی گۆڕانكاری و چاكسازییەكانی ناو یەكێتی دەكات و پێیانوایە، “ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوەکەیە”.
سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی هەڵوێستی وڵاتانی زلهێز بەتایبەتی ئەمریكا، لەسەر گۆڕانكاری و چاكسازییەكانی ناو یەكێتی ئاشكرایكرد، لەم سەردانانەی دواییدا ئەمریكییەكان پشتگیریی تەواویان بۆ ئەو هەنگاوانە دەربڕیووە، كە بۆ ڕێكخستنەوە، چاكسازییكردن و گۆڕانكارییەكانی ناو حزبەكە دەستیپێكراوەو بەردەوامیی هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەمریكییەكان ئەزموونی كاركردنیان لەگەڵ سەرۆك جەلال تاڵەبانی لەبەرچاوە لەماوەی ڕابردوودا، بەردەوامیدانی یارمەتییەكانیشیان بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەكان بەستووەتەوە بە ئەنجامدانی چاكسازییەوە، لە هەندێك مامەڵەو ڕەفتار بە هێزە سەربازی و ئەمنییەكانەوە نیگەران بوون، بەتایبەت لە پرسی یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە، بۆیە پشتگیریی تەواو لە گۆڕانكاری و چاكسازییەكان دەكەن و پێیانوایە، “ڕاستكردنەوەی رێڕەوەکەیە”.
وتیشی: پێشتر ئەمریكا و وڵاتانی دیكە تەنانەت لە كردەوە نایاساییەكان بە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان و تەنانەت كاری قاچاخچێتی نیگەران بوون، ڕەخنەیان هەبوو لەوەی هێزە ئەمنییەكان بۆ كاری سروشتیی خۆیان بەكارنایەن، تەنانەت وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا هەڕەشەی مامەڵەنەكردن لەگەڵ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و داخستنی كردووە، بۆیە چاكسازی و گۆڕانكارییەكان لە خزمەت ڕەوینەوەی ئەو نیگەرانییانەدایە.
 سەرچاوە باڵاكەی یەكێتی دووپاتیكردەوە، ئەمریكا لە ئێستادا “دڵنیایە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ڕەوتی نوێی حزبەكە”.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو