مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ یادی كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدی پەیامێكی بڵاوكردەوە

  2021-08-02 21:48      163 جار بینراوە        کۆمێنت

پەیامی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەیادەوەری كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدی.
لە (3)ی ئابی ساڵی (2014) و رۆژانی دواتر، رێكخراوی تیرۆرستی داعش، بەشێوەیەكی دڕندانە، پەلاماری كۆمەڵانی خەڵكی شەنگالیانداو تاوانی گەورەی جینۆسایدین دژی كۆمەڵگەی دێرین و رەسەنی كوردانی ئێزدی ئەنجامدا لەئەنجامی ئەو كۆمەڵكوژییە گەورەیە بەشێوەی تاوانی رێكخراو، هۆڤیانەو دڕندانەی كۆنینەو نوێ، ژنان و پیاوانی ئێزدی لێكجیاكرانەوە، بە بەرچاوی كۆمەڵگەی مۆدێرنی مرۆڤایەتییەوە، بازاڕی كۆیلایەتی و شەرمەزاری فرۆشتن و بازرگانی جەستەیان پێ زیندووكرایەوە. لەو تاوانە دژە نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆییەدا كە بەپێی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، دەچێتە خانەی تاوانی جینۆسایدەوە، هەزاران هاووڵاتی مەدەنی ئێزدی كۆمەڵكوژو بەهەزارانی تریش بێسەروشوێن كران،  ژنانی سەربەرز و رووسوری ئێزدیش، سەرقافلەی زیانلێكەوتوانی ئەو تاوانە بوون.
بەدرێژایی مێژوو كوردانی ئێزدی بەهۆی بنەچەی ئاینیی‌و نەتەوەییانەوە، دەیانجار رووبەڕووی فەرمانی پاكتاو و جینۆسایدو دەربەدەری بوونەتەوە، لەپشت هەریەك لەو تاوان و فەرمانانەوە، عەقڵیەتێكی دواكەوتووی رەگەزپەرستانە هەبووە، بەڵام كۆمەڵگەی ژیاندۆستی ئێزدی بەخۆراگری و ئیرادەی بەهێزەوە، وەك خەڵكێكی رەسەن  توانیویانە سەربەرزانە بمێننەوە. بۆ ئێستاش پێویستییەكی كوردستانی و عیراقی و ئینسانییە كارو كۆششیان بۆ بكرێ تا بەسەر ئاسەواری دوا تاوانی دژیان سەربكەون و ژیان و بوژاندنەوە و ئاوەدانی دەڤەرەكەیان ببێتە ئەجیندای پەرۆشی داهاتووی هەموو هێزە سیاسییەكان. 
لەیادی تێپەربوونی حەوت ساڵ بەسەر ئەم تاوانەدا، جارێكی تر سەركۆنەی ئەم كۆمەڵكوژییە و ئەم لەكە پڕ شەرمەزارییەی داعش و رەفتار داعشییەكان دەكەینەوەو سەری رێزو نەوازش لەئاستی گڵكۆی هەموو شەهیدان و قوربانییەكان دادەنەوێنین و سڵاوی خۆڕاگری بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەنێرین.
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی ئێزدی... لەكاتێكدا یادی جینۆسایدی ئێزدییەكان دەكەینەوە، پرسی كۆمەڵكوژییەكانی خەڵكی شەنگال هەر لەئاستی خۆی‌و فەرامۆشكردندا ماوەتەوەو لەسایەی نەبوونی ئاوڕدانەوەیەكی جددی، رێژەیەكی زۆر لەكوڕان‌و كچانی ئێزدی بەناچاریی زێدی خۆیان بەجێهێشتووەو پەراگەندەی وڵاتانی جیهان بوون، ئەوە سەرباری ئەوەی تائێستاش قەرەبووی زیانە گیانی‌و ماددییەكانی كەسوكاری قوربانیان نەكراوەتەوە، ئەگەرچی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەدەستپێشخەریی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پرۆژە یاسای (قەرەبووكردنەوەی ژنانی رزگاربووی دەستی داعش)ی پێشكەشكردو ئەمساڵ لەڕۆژی (8)ی مارس پەسەندكرا، بەڵام هێشتاش حكومەتی عیراق هیچ هەنگاوێكی كردەیی نەناوە بۆ جێبەجێكردنی بەندەكانی ئەو یاسایە، لەهەمانكاتدا پەرلەمانی چەند وڵاتێكی ئەوروپا ئەو تاوانەیان وەك جینۆساید ناساندووە، هەموو ئەوانەش پێكەوە دەكرێت بخرێنە خزمەت ژیان‌و پاراستنی ئێزدییەكان لەداهاتوودا.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك هەمیشە كوردانی ئێزدی بە پارچەیەكی دانەبڕاوو سەرەكی‌و رەسەنی پێكهاتەی كوردستان‌و بزووتنەوەی رزگاری كوردستانی دادەنێ‌و بۆ هەمیشەش پشتیوانی مافەكانیان دەكات و جەخت لەسەر جێبەجێكردنی تەواوی ئەو یاساو رێسا و بەڵێنانە دەكاتەوە كە بۆ قەرەبووكردنەوەی كوردانی ئێزدی دراون و دەرچوون.
 ـ لەم بیرەوەرییە تاڵەدا، سڵاو لەگڵكۆی شەهیدانی جینۆسایدی ئێزدییەكان و هەموو شەهیدانی كوردستان...
ـ نەفرەت لە تاوانكاران و تیرۆریستان...
راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
٢/٨/٢٠٢١

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو