14 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی جەبار فەرماندا تێپەڕدەبێت

  2021-08-09 13:00      581 جار بینراوە        کۆمێنت

سەركردەی كۆچكردوو جەبار فەرمان، رۆژی 28-6-1947 لە گوندی (بان میل)ی ناوچەی خانەقین لەدایكبووەو لە رۆژی 18-9-1954 چۆتە قوتابخانەی كارێز لە گوندی كارێزی خانەقین، ساڵی 1960 خوێندنی سەرەتایی تەواوكردووەو پاشان لە ساڵی 1967 دا خوێندنی ناوەندیی لە شاری خانەقین تەواوكردووە، دواتر لە پەیمانگەی مامۆستایانی شاری باقوبە وەرگیراوەو بەسەركەوتوویی تەواویكردووە.
ئەم تێكۆشەرە ھەر لە منداڵی دا ئاماژەكانی ژیریی‌و لە ژیانی خوێندكاریش دا زیرەكی پێوە دیاربووەو لە دەیان چالاكیی خوێندكاریی دا بەشداریكردووە، دواتر لە گوندی بوھرز-ی سەر بەپارێزگای دیالە بەمامۆستا دامەزراوەو پاشان لە مەدینە سەورەی بەغدا بۆتە مامۆستای قوتابخانەی سەورە.
لە ساڵی 1963ـەوە تێكەلاوی دنیای سیاسەت‌و خەباتی كوردایەتی بووە، ساڵی 1971 لە زانكۆی مستەنسریەی بەغدا لە كۆلێژی زانست - بەشی فیزیا وەرگیراوە، بەلام بەھۆی كاری سیاسییەوە نەیتوانیوە خوێندنی زانكۆ تەواو بكات.
ساڵی 1970 ھاوكات لەگەڵ دامەزراندنی كۆمەڵەی ماركسی- لینینی (كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان) لە ڕیزی ئەو رێكخراوەدا دەستی بەخەبات كردووەو یەكێك بووە لە كادیرە دیارەكانی كۆمەڵە، ھەر ھەمان ساڵ چۆتە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، دوای دووساڵ خوێندنی زانكۆو لەگەڵ دەستپێكردنەوەی شەڕی حكومەتی ئەوسای عێراق‌و شۆڕشی كورد لە ساڵی 1974 دا، كاك جەبار پەیوەندیكرد بە ھێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول-ـەوەو تا نسكۆی 1975 بەردەوام بووە، دواتر گەڕاوەتەوە ناوشارو درێژەی بەكاری نھێنی حزبی‌و تێكۆشان داوە. 
ساڵی 1975 لەگەڵ یەكەمین دەستە لە زیندانیانی كۆمەڵە، شەھیدان: خاڵە شیھاب شێخ نوری، جەعفەر عەبدولواحید، ئەنوەر زۆراب‌و ھەڤالانی دیكەیدا لەلایەن رژێمی بەعس-ـەوە دەستگیركرا.
كاك جەبار لە زیندان دا وەك تەواوی ھاوڕێكانی زۆر ئازارو ئەشكەنجەی دڕندانەی رووبەرووكرایەوە، بەلام لەوێش سەربەرزانە راوەستاو دواجار بەكەسێكی خاوەن بڕواو خۆڕاگر ناوبانگی پەیداكرد، دوژمن بەزی‌و ئەو كۆڵی نەدا.
ماوەی سالانی 1975-1979 لە زیندانەكانی ئەمنی خاسەو فەزیلیەو ئەبوغرێب چەندین جۆر ئەشكەنجەو ئازار دراوە، نموونەی خۆڕاگریی بووە.
دوای ئازاد بوونیشی، لەڕۆژی 14-7-1980 پەیوەندی بەھێزی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمانەوە كردووەو بۆتە پێشمەرگە، ھەرزوو بەبڕیاری سەركردایەتی كرایە رێبەری سیاسی ھەرێمی چواری ئەوسا كە یەكێك بوو لەھەرێمە گرنگ‌و ئازاكانی ھێزی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ.
ساڵی 1982 بەھەڵبژاردن كرایە لێپرسراوی رێكخراوی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان لە دۆڵی باڵەكایەتی، دوای كۆنفرانسی دووەمی كۆمەڵەش كرایە لێپرسراوی رێكخراوی دووی كۆمەڵە، لە سێیەمین كۆنفرانسی كۆمەڵە لە ساڵی 1984 بەئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵەو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ھەڵبژێردرا، ساڵی 1985 كرایە لێپرسراوی مەڵبەندی یەكی سلێمانی‌و چەندین پلەو پایەی دیكەیشی پێ سپێردراوەو دڵسۆزانەی ئەركەكانی راپەڕاندووە.
ھەر لە سەرەتاداو لەگەڵ دەركەوتنی وەك كادیرێكی رێكخستن، كادیرو فەرماندەیەكی لێھاتووی سەربازیش بووە، بەشداری سەدان چالاكی كردووە، ھەروەھا سەرپەرشتی‌و فەرماندەیی دەیان داستان‌و رووبەڕووبوونەوەی كردووەو زۆرجار ئازایەتی كاك جەبار بۆتە ھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ورەی پێشمەرگەو خەڵك.
ساڵی 1988 بۆتە نوێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە مەكتەبی تەنفیزی بەرەی كوردستانی، ساڵی 1990 لەولاتی سوریا بەھەمان ناونیشان خەباتیكردووە، ساڵی 1991و لەسەروەختی راپەڕین دا لەگەڵ بەڕێز مام جەلال گەڕاوەتەوە كوردستان، لە دووەم راپەڕینی سلێمانی رۆڵێكی بنچینەیی گێڕاوە.
ساڵی 1991 رۆڵێكی گرنگی گێڕاوە لە دامەزراندنی كۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، لە یەكەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵی 1992 بە ئەندامی سەركردایەتی ھەڵبژێردراوەو دواتر بۆتە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ھەمان ساڵ كراوەتە لێپرسراوی مەكتەبی عەسكەریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ھاوكات ناوەندی رووناكبیریی‌و كۆمەلایەتی گەرمەسێری دامەزراندووە.
لە دووەم كابینەی حكومەتی ھەرێم دا كرایە وەزیری پێشمەرگە.
ساڵی 1993 كرایە جێگری فەرماندەیی گشتی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە ساڵی 1995یش دا كراوەتە وەزیری ناوخۆی ھەرێم، ھەمان ساڵ بۆتە وەزیری پەروەردەو پاشان پۆستی وەزیری شارەوانی بەوەكالەت پێسپێردراوە.
ساڵی 1999 یانەی وەرزشی پێشمەرگەی دامەزراندووەو ھەر خۆیشی بۆتە سەرۆكی یانەكە.
دواپلەیشی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.
بەداخەوە، ئەو سەركردە دلێرو فەرماندە ئازایەی رۆژانی سەختی خەباتی كوردایەتی‌و ئەو پیاوە بەھێزو ھیممەتە كە وەك قەلایەك بوو، نەخۆشییەكی كوشندەی لەناكاو یەخەی پێگرت‌و ئەگەرچیش سەركردایەتی ی.ن.ك و تەواوی كەسوكارو دۆست‌و دڵسۆزان ھەوڵی زۆریان دا تا چارەسەرێكی بۆبدۆزنەوە، بەڵام ترسناكی نەخۆشییەكەی وایكرد ماوەیەكی زۆر بەو ئازارەوە بتلێتەوەو پاشنیوەڕۆی رۆژی 9-8-2007 بەوھۆیەوە گیانی سپاردو گەیشتە كاروانی سەروەران.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو