31 ی ئاب ساڵیادی شەهید بوونی ئازاد هەورامی
2021-08-30 20:45     703 جار بینراوە      کۆمێنت
ئەو هەمیشە لە مێژووی خەباتی نەتەوەیی گەلەكەیدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە
هەمیشە رەوتی بەرەوپێشەوەچوونی مێژوو، نەوەی نوێ و دۆخ و گۆڕانكاری نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. پەیوەست بەم رەوتەش نابێت خۆمان نادیدە بگرین لە رۆڵی ئەو نەوەیەی كە لەسەردەمەكەی خۆیدا، توانایی و لێهاتوویی خۆی بۆ ئاسۆیەكی روون دەخاتە گەڕ، بەتایبەت ئەگەر بێت و ئەم توانایی و لێهاتووییە مەبەستێكی سەرەكی لەپشتەوە بێت و لەخزمەت ئامانج و بەرژەوەندییەكی باڵادا بێت.
ئەستێرەو نەوەی لێهاتوو
لەم رووەوە شەهید ئازاد هەورامی چیتر ناتوانین وەك ئەستێرەو نەوەی لێهاتووی سەردەمی خۆی باسی لێوە نەكەین و بە زیندوویی لەناو دڵی نەتەوەیەكدا لە بەرزییەوە لێی نەڕوانین، ئەو هەمیشە لە مێژووی خەباتی نەتەوەیی گەلەكەیدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
شەهید ئازاد پیاوی نێو دنیای هەڵوێست و نەبەردی. پیاوێك لەنێو هۆشیاری و لەنێو دڵی هونەرەوە لەپێناو ئازادی و نەتەوەیەكی ستەم دیدە دێت و رێگەی خەبات و تێكۆشان دەگرێتە بەر.
ئەمڕۆ كە 26 ساڵ بەسەر شەهید بوونی سەكردەو پیشمەرگەی لێهاتوو و نەبەردی ئازاد هەورامی-دا تێپەڕ دەبێت، چاوێك بە میژووی خەباتی سیاسی و پیشمەرگایەتی ئەودا دەخشێنینەوە. چاو بەمشووری و خەمخۆری ئەو بۆ ئاشتی و هیواو ئاوات دەخشێنینەوە.
ئەگەرچی ئەم چاو خشاندنەوەیە هەرگیز ناتوانێت لەئاست ئەو ئامانجە بێت كە خوێنی خۆی لەپێناودا بەخشی. بەڵام دیسانەوە كاتێك باس لە سەركردەبوون و لێهاتووی ئەو دەكەین، ئەوا ناتوانین هێشتا وەك خۆی باسی لێوە بكەین.
ژیانی ئەو لەناو خەباتی سیاسی و پیشمەرگایەتی كوردپەروەریدا، لەوكاتەوە دەست پێدەكات كە هێشتا تەمەنی 18 ساڵی تەواو نەكردووە. بەڵام پێناچێت تەمەن لای ئەو رێگر بووبێت بۆ هەڵوێست دەربڕین لەو هەلومەرجە مەترسیدارەی كە تێیدا ژیاوە. ئەمەش دیسانەوە خاڵیێكی جیاوازو تایبەتمەندە لەژیانی ئەودا.
كاروانی خەباتی كۆمەڵەو یەكێتی
بەلاویەتی چوونە نێو خەباتی كوردایەتی، هاندەرێكی سەرەكیی بووە لەپلە بەپلەی سەركەوتنی بۆ وەرگرتنی لێپرسراوێتی لەناو حزبدا. بەتایبەت كە دەبینین ئەو سەركردەیەكی لێهاتووی نێو هەردوو كاروانی خەباتی كۆمەڵەو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو.
كەواتە شەهیدی سەركردە ئازاد هەورامی كێیە؟
ژیاننامەی ئازاد هەورامی
شەهیدی سەركردە ئازاد عەبدولمەجید غەفار ناسراو بەئازاد هەورامی، رۆژی 31-12-1954 لەگەڕەكی ئیام قاسم لەشاری كەركوك هاتۆتە دنیاوە، خێزانەكەیان رۆشنبیرو نیشتمانپەروەر بوون، لەتەمەنی حەوت ساڵیدا چۆتە بەرخوێندن و لەتەمەنی لاوێتیدا تێكەڵاوی خەباتی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستان بووە، ساڵی 1972 ئەندامی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بووە و لەكۆتایی هەمانساڵدا پەیوەندی بە(كۆمەڵەی ماركسی_ لینینی كوردستان)كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە كردووە، ساڵی 1974 بووە بەپێشمەرگەو بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی كردووە.
خەباتی پێشمەرگایەتی
دوای دەستگیركردنی خاڵە شیهاب و هاوڕێكانی ولەساڵی 1976دا كە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان رووبەڕووی قەیرانێكی سەختی بێ سەركردایەتی بوەوە، شەهید ئازاد وەك كادرێكی هۆشیارو لێوەشاوە سەرپەرشتی كۆمیتەی شاری كەركوكی كردووە، هەروەها لەگەڵ شەهید ئارام و هاوڕێكانیدا، سەركردایەتی ناوخۆی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانی كردووە، لەتەمەنی 21 ساڵی و لە 1976دا بووە بەئەندامی كۆمیتەی هەرێمەكان، كاتێكیش شۆڕشی نوێی گەلەكەمان هەڵگیرسا، شەهید ئازاد روویكردە شاخ و شانی دایەبەر خەباتی سەخت و گرانی پێشمەرگایەتی.
لەژیانی پێشمەرگایەتیشیدا نمونەی پیاوی ئازاو بەبیرو باوەڕ و خۆڕاگر بووە.
ساڵی 1978 لەكارەساتی هەكاریدا بەدیل گیراوەو لەبەر كەمی تەمەنی نەیانناسیوە كە ئازاد هەورامییەو كادرێكی سەركردایەتی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە، دوای نۆ مانگ زیندانیكرانیان، لەگەڵ شێخ عەلی هاوڕێیدا هەلیان بۆ رێكەوتووەو لەزیندان هەڵاتوون.
لەمەیدانی تێكۆشاندا
بەشداری هەموو كۆنفرانسەكانی كۆمەڵەی كردووە و لەهەمووشیاندا بەئەندامی ناوەندیی كۆمەڵەو ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵبژێردراوە، لەساڵانی 1981-1982 دا لێپرسراوی لقی سێی سلێمانی- كەركوك بووە، ساڵانی 1982-1984 ئەندامی دەزگای رێكخستن بووە، ساڵانی 1985-1986 لێپرسراوی دەزگای رۆشنبیری كۆمەڵە بووە، ساڵانی 1986-1988 لێپرسراوی مەڵبەندی بادینانی (ی.ن.ك) بووە.
لەئەنفالەكاندا سەرپەرشتی شەڕی باڵەییانی قەندیلی كردووە، هەرلەمەیدانی تێكۆشاندا ئێوارەی رۆژی 30/8/1988 بەسەختی برینداركرا، دوای رۆژێك و لە 31/8/1988 بەهۆی ئەو برینەوە شەهیدبوو.
بابەتی زیاتر