قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لەستافی نوێی كۆنسوڵخانەی بەریتانیا كرد

  2021-09-14 16:07      46 جار بینراوە        کۆمێنت
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازی كرد لە دەیڤد ھەنت، كۆنسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لەھەرێمی كوردستان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازی كرد لە دەیڤد ھەنت، كۆنسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لەھەرێمی كوردستان.
لەكۆبوونەوەیەكدا ئەمڕۆ لەھەولێر، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران وێڕای پیرۆزبایی لەستافی نوێی كۆنسوڵخانەی بەریتانیا، داوای كرد كار بكەن لەپێناو دەستەبەركردنی پشتیوانی بەریتانیا بۆ پرۆسەی چاكسازی و پەرەپێدانی حوكمڕانی لەكوردستان بۆ ئەوەی بتوانرێت لەو رێگەیەوە خزمەتگوزاری باشتر پێشكەش بەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكرێت و ھەردوولا ھاوڕابوون  لەبارەی گرنگی ھەڵبژاردنی ١٠ی مانگی داھاتوو، جەختیشیان كردەوە دەبێت بەشێوازێكی تەندروست و پاكو بێگەرد بەڕێوەبچێت. 
شاندە بەریتانییەكە ئامادەیی وڵاتەكەیان دەربڕی بۆ ڕەوانەكردنی چاودێر بۆ ھەڵسەنگاندنی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكەو دڵنیابوونەوە لەجێبەجێكردنی بەندو باوە یاسایی و دیموكراسییەكان.
قوباد تاڵەبانی داوایكرد بەریتانیا گەرمتر لەجاران پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بباتە پێشەوە.
 شاندەكەش پابەندی وڵاتەكەیان دووپات كردەوە، بەدرێژەدان بەھاوكارییەكان و پەیوەندییەكان و باشتركردنیان لە قۆناغی  داھاتوودا بەتایبەت پاش كشانەوەی ھێزە شەڕكەرەكانی ئەمەریكاو ھاوپەیمانان لەكۆتایی ئەم ساڵ.
جێگری سەرۆك وەزیران داوای لەكونسوڵخانەی بەریتانیا كرد لەسەردان و چالاكییەكانیاندا سەرجەم دەڤەرو ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بەسەر بكەنەوەو چالاكییەكانیان تەنھا لەسەنتەری شارە گەورەكاندا چڕ نەكەنەوە، شاندەكەش بە گرنگییەوە پێشنیارەكەیان وەرگرت.

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو