قوباد تاڵەبانی لە راپەڕین: بەیەكەوە هاتووین، چونكە بەیەكەوە بەهێزترین

  2021-09-14 19:16      106 جار بینراوە        کۆمێنت
بانگەشەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی كوردستان لە ناوچه‌ی‌ راپەڕین بەڕێوەچوو

كەرنەڤاڵێك بۆ ناساندنی كاندیدان و بانگەشەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی كوردستان لە ناوچه‌ی‌ راپەڕین بەڕێوەچوو، سەرۆكی هاوپەیمانیی‌ كوردستان لەپەیامێكدا دووپاتیكرده‌وه‌، بەیەكەوە هاتووین، چونكە بەیەكەوە بەهێزترین.
قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی هاوپەیمانیی‌ كوردستان لە كەرنەڤاڵی ناساندنی كاندیدان و بانگەشەی هاوپەیمانی كوردستان رایگەیاند، بەیەكەوە هاتووین، چونكە بەیەكەوە بەهێزترین، داواشی‌ لەهاووڵاتییانی دەڤەری راپەڕین كرد لەپێناو گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هێز دەنگ بەكاندیدانی هاوپەیمانی كوردستان بدەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، هاتووین تا نوێنەری ئێوە بنێرین بۆ بەغدا، لەخولی رابردوودا دوو نوێنەری ئەم دەڤەرە چوونە بەغداو توانییان بەرگری لەمافەكانی خەڵك بكەن.
سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان باسی لەگرنگی بەشداریكردن لەهەڵبژاردن و دەنگدان كردو وتی: ئەو پەرلەمانتارانە نێردەی یەكێتی و گۆڕان و خەڵكی ئەم دەڤەرەبوون، بۆیە زۆر گرنگە بەشداریكردن لەدەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەری كاریگەر.
دووپاتیشیكردەوە، پێكەوە كاریانكرد، چونكە پێكەوە بەهێزترین، ئێمە یەكڕیزین و بەو یەكڕیزییە دەتوانین شەڕی بودجەو مووچە بكەین.
سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان جەختیكردەوە، لەڕابردوودا سەلماندمان دەتوانین لەڕێی دانوستاندنەوە كێشەكان چارەسەربكەین، لەدانوستاندنەكانی دەستوورەوە تا پەسەندكردنی بودجەی 2021، سەلماندمان دەتوانین بەچەندین كاتژمێر دانوستاندن بكەین كە لایەنەكانی دیكە یان لەبەرژەوەندییان نییە، یان ئەوەندە بچووك و بێ سەنگن ئەو كارەیان پێناكرێت.
داواشیكرد لەپێناو هاوسەنگیی هێز، لەپێناو سەقامگیری و یەكڕیزیی نەتەوە، دەنگ بەهاوپەیمانییەكەیان بدرێت، وتیشی‌: دەنگدان بەهێزو لایەنە بچووكەكان لەبەرژەوەندیی لایەنی بەرامبەرو ركابەری هاوپەیمانی كوردستانە.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو