كۆتایی بەكۆنگرەی نێودەوڵەتی گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی عیراق هات

  2021-09-17 12:24      98 جار بینراوە        کۆمێنت

بەڕاسپاردەیەكی 18 خاڵی كۆتایی بەكۆنگرەی نێودەوڵەتی گێرانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی عیراق هات.
دوای ئەوەی لەدوو رۆژی رابردوودا، كۆنگرەی نێودەوڵەتی گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی عیراق بەچاودێریی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عیراق و بەشداریی ئەحمەد ئەبو غێت، ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی و ژمارەیەك لەوەزیرانی دادیی وڵاتان، یاساناسان و دەستەكانی بنبڕكردنی گەندەڵیی بەڕێوەچوو، كۆتایی بەكۆنگرەكە هات.
بەپێی راگەیەندراوی كۆتایی كۆنگرەكە، پەلەكردن لەكاراكردنی رێكەوتنە نێودەوڵەتییەكان و رێكەوتنی نێوان وڵاتانی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كە لەهەردوو ساڵانی (2003)و (2010) واژۆ كراون، یەكێك بووە لەڕاسپاردەكانی كۆنگرەكە.
باس لەوەشكراوە، بۆ دۆزینەوەی رێكاری نوێ بۆ پرسی گێرانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەماهەنگیی لەنێوان وڵاتانی عەرەبییدا هەبێت.
هەروەها جەخت لەسەر بنیاتنانی متمانە لەنێوان وڵاتانی داواكارو ئەو وڵاتانەی كە پارەكانیان تیادا هەڵگیراوە كراوەتەوە بەو پێیەی متمانە ئامرازێكە بۆ بەهێزكردنی ئیرادەی سیاسیی.
هەر لەنێو راسپاردەكاندا جەخت لەهاندان بۆ واژووكردنی رێكەوتنی دوو قۆڵی لەنێوان وڵاتان كراوەو لەمبارەیەوە داوا لەبانكی عەرەبی كراوە بۆ ئامادەكردنی نموونەی ئەو رێكەوتنانە.
چەندین راسپاردەی دیكە كە خراوەتەڕوو، بڕیارە بەرزبكرێنەوە بۆ نووسینگەی جێبەجێكاری ئەنجومەنی وەزاری وەزیرانی دادی وڵاتانی عەرەبی و وێنەیەكیشی ئاراستەی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بەبەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەرو تاوانەكان بكرێت.
كۆنگرەی نێودەوڵەتی گێڕانەوەی پارە بەتاڵانبراوەكانی عیراق كە ماوەی دوو رۆژی خایاند، ژمارەیەك پانێڵ پێشكەش كران كە تیایاندا تیشك خرایە سەر گرنگترین ئەو ئاستەنگانەی كە بەرەوڕووی دەستەكانی چاودێری نیشتمانیی لەپرسی گیڕانەوەی پارە بە بەتاڵانابراوەكان بۆتەوە.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو