فڕۆكەخانەی سلێمانی ئاگاداری ئەم كەسانە دەكاتەوە

  2021-10-12 11:59      424 جار بینراوە        کۆمێنت
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتیان دەكاتەوە لەبارەی ئەنجامدانی پشكنینی كۆرۆنا لەكاتی گەشتكردن و هاتنەوە لەدەرەوەی وڵات.
ئەمڕۆ سێشەممە 12-10-2021، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، لەبەر رۆشنایی بارودۆخی ئێستای كۆڤید 19و بوونی رێنمایی جیاواز لەوڵاتانی دەرەوەی عیراق و پرسیاركردنی زۆری هاووڵاتیان هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پابەندی جێبەجێكردنی رێنمایەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنایە لەهەرێمی كوردستان.
ئاماژە بەوەشكراوە، هاووڵاتیان لەكاتی رۆشتن یاخود گەڕانەوە لەگەشتكردن، پێویستە لەژێر چاودێری تیمەكانی تەندروستیدابن، لێرەدا جەخت دەكەینەوە كە هێڵە ئاسمانییەكان و كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی بەرپرسن لەئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان لەناوەوە و دەرەوەی هەرێم لەهەر رێنماییەك كە لەوڵاتانی دەرەوە جێبەجێ دەكرێت و پێویستە پێشوەختە هاووڵاتییانی لێ ئاگادار بكەنەوە، لەو روانگەیەشەوە بە باشمان زانی هاووڵاتیانی بەڕێز لەجێبەجێ كردنی ئەم رێنماییانەی خوارەوە ئاگادار بكەینەوە:
1- بۆ رۆشتن، لەكاتی گەشتكردن هاووڵاتی پێویستە پێش كەمتر لە 72 كاتژمێر، پشكنینی كۆڤید 19ی كردبێت و بە «negative» دەرچووبێت، بۆیە لەكاتی رۆشتندا تەنها بەوەرگرتنی ڤاكسین رێگەپێدانی گەشتی پێنادرێت، بەڵكو پێویستە پشكنینی (PCR)ی لەیەكێك لەنەخۆشخانە حكومییە رێگەپێدراوەكان كردبێت، بەپێچەوانەوە بەپێی رێنماییەكان فڕۆكەخانە هیچ پاساوێك قبوڵ ناكات بەوەی هاووڵاتی پێشتر لەوڵاتی دەرەوە هاتبێتەوە رێگەی پێدراوە یا نا، ئەوە بەرپرسیارێتی فڕۆكەخانە نییە.
2- بۆ هاتنەوە، ئەو هاووڵاتییانەی بەڵگەی پشكنینی «negative» یان بەڵگە (كارت)ی وەرگرتنی هەردوو ژەمی ڤاكسینی هەڵگرتبێت رێگە پێدراوەو بەئاسایی داخڵی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەو كەسانەی هیچ بەڵگەیەكیان پێ نەبێت، لەكاتی هاتنداوپێش داخڵبوونی تیمەكانی تەندروستی لەناو فڕۆكەخانەدا، پشكنینی (PCR)یان بۆ ئەنجام دەدەن.
هەروەها لەڕاگەیەندراوەكەدا فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دوو تێبینی خستۆتەڕوو، ئەوانیش:
1- كۆمپانیاكان بەرپرسن لەپێدانی زانیاری پێویست بەهاووڵاتیان كە لەسەر هێڵەكانیان گەشت دەكەن و بەرپرسیاریتی هەر كێشەیەك بەدەر لەو خاڵانەی سەرەوە دەكەوێتە ئەستۆیان.
2- سەبارەت بەمنداڵان تا تەمەنی (10) ساڵ پێویستە تیمەكانی تەندروستی لەگەڵ نوێنەری هێڵە ئاسمانییەكان هەماهەنگ و راوێژ بكەن لەبەر رۆشنایی ئەو رێنمایانە كە لەوڵاتانی دەرەوە دەرچووە سەبارەت بەڕێگەپێدان یان رێگری كردن لەسەفەر كردنی ئەو منداڵانە بۆیە جەخت دەكەینەوە فڕۆكەخانە بەرپرس نییە لەڕێگرتنی منداڵان لەلایەن هێڵە ئاسمانییەكانەوە.
H.S.A

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو