یەكێتی لەسەر بارودۆخی كەركوك هاتەدەنگ

  2021-10-13 12:35      107 جار بینراوە        کۆمێنت

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی نیگەرانی خۆی لەبارودۆخی ئەمنی ئێستای كەركوك راگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد، بافڵ تاڵەبانی لەشەوی رابردووەوە مستەفا كازمی لەپێشێلكاری هێزە ئەمنییەكانی عیراق ئاگادار كردۆتەوە.
دەقی راگەیەندراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كورستان...
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەنیگەرانییەوە لەو دۆخە نەخوازراوە ئەمنییەی كەركوك دەڕوانێت كە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا دروستكراوە، بۆ هەموو لایەكی رووندەكەینەوە لەدوێنێ شەوەوە هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڕێز مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لەپەلاماردانی ماڵی كوردو پێشێلكاری هێزە ئەمنییەكان و دەستگیركردنی گەنجان ئاگادركردۆتەوە، لەپەیوەندی بەردەوام بووە لەگەڵ سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی باڵا لەبەغدا، بۆ چارەسەركردنی كێشەكەو ئازادكردنی دەستگیركراوەكان و دووپاتیكردۆتەوە ئەو دۆخە دروستكراوە جێگای قبوڵكردن نییە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەركوك و كەركوكییەكان لەهەر موزایەدەو دروشم بازییەك بەگەورەتر دەزانێت كە هەندێك لایەن و لەنێوانیاندا هەندێك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ مەرام و دەستكەوتی بچووكی حیزبی دۆزی گەورەی كەركوك و چارەنووسەكەی و دانیشتوانی دەخاتە بەردەم مەترسی و گەمەی سیاسی كە ئەمە لای ئێمە جوڵەیەكی سیاسی نالۆژیكییە، بۆیە یەكێتی هێزی بەرپرسیارەو پرەنسیپی پاراستنی گیانی پێكەوە ژیان و ئاشتیانە دەگرێتەبەرو پارێزگاری لەو پێكەوە ژیانەی كەركوك دەكات، هاوكات پارێزەری ماف و خاك و كوردستانی بوونی شارەكە دەكاتەوەو بەم ستراتیژە كاردەكات و لەهیچ لایەنێكی قبوڵناكات درێژە بەم جۆرە رەشبگیرییە بدات و ژیان و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بخاتە مەترسییەوە، بۆ هەر ئەگەرێكیش یەكێتی بژاردەی یەكلاكەرەوەی هەیە.
H.S.A

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو