ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوكرایەوە

  2021-10-13 17:04      347 جار بینراوە        کۆمێنت

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبڵاوكراوەیەكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاشكراكرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 13-10-2021، جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردسان لەبڵاوكراوەیەكدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد، لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیران جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە نوێنەرانی كوردستان، لێرە بەدواوە، لەپەرلەمانی عیراق، بەیەكەوە یەكگرتووانەو بەهەماهەنگی و یەكڕیزی كاربكەن لەپێناو داكۆكیكردن لەشایستەو مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان.
دەقی بڵاوكراوەكەی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان:
سەرۆك وەزیران، لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا بەبۆنەی كۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لەگەلی كوردستان و گشت لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن كردو سوپاسی پێشمەرگەو پۆلیس وهێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی بەگشتی كرد كە ئەركی خۆیان سەركەوتووانە بەجێگەیاند لەڕەخساندنی زەمینەیەكی ئارام بۆ پرۆسەی دەنگدان.
سەرۆك وەزیران جەختی لەوەكردەوە كە پێویستە نوێنەرانی كوردستان، لێرە بەدواوە، لەپەرلەمانی عیراق، بەیەكەوە یەكگرتووانەو بەهەماهەنگی و یەكڕیزی كاربكەن لەپێناو داكۆكیكردن لەشایستەو مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان، دوور لەململانێی ناوخۆیی.
دووپاتیشی كردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەیە بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك لەگەڵ نوێنەرانی كوردستان لەپەرلەمانی عیراق، بەهەموو جیاوازیی و رەنگەكانەوە، بۆ درێژەدان بەكاركردن و هەماهەنگیكردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، بەئامانجی دابینكردنی ماف وشایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
هەروەها ستایشی خۆڕاگری خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كردو پیرۆزبایی دەرچوونی نوێنەرانی كوردی لەو ناوچانەدا كردو ئاماژەی بەوەدا كە ئەنجامی هەڵبژاردن لەناوچە دابڕێنراوەكان، دووپاتكردنەوەی ناسنامەی كوردستانیبوونی ئەو ناوچانەیە.
جەختیشی لەوەشكردەوە ، پێویستە نوێنەرانی كوردستان لەڕێی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور، كاربكەن بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە.
پاشان كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكان، راپۆرتێكی پێشكەش كرد كە تایبەت بوو بە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینكردنی نەوتی سپی و بەنزین، بەهەماهەنگی وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵی.
لەبڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكەدا، عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون راپۆرتێكی سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی چاكسازی و رێكخستنەوەی داهاتەكان لەهەرێمی كوردستان خستەڕوو كە چەندین راسپاردەی تێدابوو بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، لەپێناو بەكارهێنانەوەی بۆ خزمەتی گشتیی و پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە.
لەكۆتایی كۆبوونەكەدا، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا بەڕاسپاردنی هەریەك لەفەرسەت ئەحمەد، وەزیری داد، ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بۆ سەرپەرشتی و بەداواداچوونی ئەو داوا یاساییانەی كە لەدادگای باڵای فیدرالی پەیوەندیدارن بەهەرێمی كوردستان و ئاگاداركردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەبەرەوپێشچوون و ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو داوایانە، بەئاراستەی زامنكردنی ماف وشایستەكانی هەرێمی كوردستان و داكۆكیكردن بەباشترین شێواز لەماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێم، لەڕێگای تیمی قانونی شارەزا، لەژێر رێنمایی وسەرپەرشتی ئەنجومەنی وەزیران.
H.S.A

 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو