ده‌رچوونی‌ كاندیدێكی‌ مردوو هه‌ڵای‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌

  2021-10-13 18:02      244 جار بینراوە        کۆمێنت
ئەنسام مانوئێل ئەسکەندەر، کاندیدی مەسیحییەکان دوو مانگ لەمەوبەر کۆچی دواییکرد

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ژنه‌ كاندیدێك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ عیراقدا ده‌نگێكی‌ زۆری‌ هێناوه‌‌و سه‌ركه‌وتنی‌ به‌ده‌ستهێنا، کاندیدێکی‌ کۆتای‌ مەسیحییەکان سەرسوڕمانی‌ خۆی‌ نیشاندا‌و له‌ تویتێكدا كۆمێنتی‌ له‌سه‌ر پێشهاته‌كه‌ دا. 
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی‌ ته‌شرینی‌ یه‌كه‌م، جوزیف سڵیوا لە تویتێکدا، رایگەیاند، کۆمسیۆن چۆن دەتوانێت باوەڕیان پێبهێنێت وەک سیاسییەکی‌ عێراقی‌ مەسیحی‌ و ئامادەیی سیاسی و میدیایی، کە کاندیدێکی‌ مردوو لەئەو زیاتر دەنگی‌ هێناوە، لەکاتێکدا نە بانگەشەی‌ کردووە و نە چاوی‌ بە دەنگدەران کەوتووە.  
دەشڵێت " رێزگرتن لە مردوو بەسەدان دەنگ دەکرێت، بەڵام بەهەزاران دەستکارییەکی‌ روونە".  
ئەنسام مانوئێل ئەسکەندەر، کاندیدی مەسیحییەکان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا توانی دەنگی پێویست بهێنێت بۆ دەرچوون وەک کۆتایی پێکهاتەی مەسیحی، بەڵام ناوبراو دوو مانگ لەمەوپێش کۆچی دوایی کردووە.  
پەیجی فەرمی ناوبراو ئەمڕۆ، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "خوالێخۆشبوو کاندیدی سەربەخۆ بوو بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، بەداخەوە توشی کۆرۆنا بوو، دوای 35 ڕۆژ لە نەخۆشخانە، کۆچی دوایی کرد."    
بەپێی دواین داتاکانی کۆمسیۆن کە شەوی رابردوو بڵاویکردەوە، ئەنسام مانوئێل ئەسکەندەر دوو هەزار و 860 دەنگی هێناوە و ناوبراو کورسییەکی کۆتای پێکهاتەی مەسیحی بەدەستهێناوە.    
پەیجی فەرمی ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە لەماوەی بانگەشەدا هیچ پۆستەر و وێنە و ریکڵامێکی بۆ بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام دوو هۆکار باس دەکات بۆ ئەو دەنگانەی بەدەستی هێناوە.    
هۆکاری یەکەم، بەپێی روونکردنەوەی‌ پەیجەکەی، بەشێک لە دەنگدەران وەک ڕێزێک بۆ "سەربەخۆیی و پیشەیی و پێشینەی کاری ناوبراو دەنگیان پێداوە، هۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە "لەوانەیە بەشێک لە دەنگدەران نەیانزانی بێت ناوبراو کۆچی دوایی کردبێت. 

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو