جۆریکی نوێی کۆرۆنا لە بریتانیا تەشەنەی کرد

  2021-10-20 23:18      202 جار بینراوە        کۆمێنت
جۆرێکی نوێی کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی تەشرینی یەکەم، ساجید جاوید وەزیری تەندروستی بریتانیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد کە جۆرێکی نوێ لە گۆڕاوی " دەلتا"ی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بریتانیا تەشەنەی کردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەندێک لە بەرپرسانی تەندروستی بریتانیا، داوایان کردووە سەرلەنوێ کەرەنتینە پەیڕەوبکرێتەوە، لەپای زۆربوونی ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا بەجۆرێک کە رۆژانە زیاتر لە 40 هەزار کەس تووشی پەتاکە دەبن و زیاتر لە 200 تووشبووش دەمرن، بەپێی رۆژنامەی " ئێکسپرێس"ی بریتانی.
بەڵام جاوید دەڵێت "پلانی B " جێبەجێ ناکەن، ئەگەرچی شانشینی بریتانیا، لەم رۆژانەدا، لەدوای ئەمریکاوە بەرزترین ژمارەی تووشبوون و مردن بە کۆرۆنای تێدا تۆماردەکرێت.
وەزیری تەندروستی بریتانیا هۆشداریی دەدات کە پیویستە وڵاتەکەی هەوڵ بدات نەهێڵێت نەخۆشخانەکان پڕبن لە نەخۆشی تووشبوو بە کۆرۆنا، باشترین رێگاش بۆ ئەو مەبەستە خۆکووتانی هاووڵاتیانە بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا.
جاوید جەختیکردەوە کە " ئەگەر بمانەوێت لە مەودای دووردا زامنی ئەو ئازادییە بکەین کە هەمانە، ئەوا باشترین شت کە پێویستە ئەنجامی بدەین. وەرگرتنی ڤاکسینە".

سەرچاوە: رۆژنامەی "ئێکسپرێس"ی بریتانی
وەرگێڕان و داڕشتنەوەی: فەریق حەبیب

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو