لالە حەکیم: قارەمانی گومناو

  2021-10-21 22:25      139 جار بینراوە        کۆمێنت
كۆچی‌ دوایی‌ تێكۆشه‌ری‌ دێرین لاله‌ حه‌كیم

مه‌لا به‌ختیار، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ سیاسی‌‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ كۆچی‌ دوایی‌ تێكۆشه‌ری‌ دێرین  لاله‌ حه‌كیم نووسینێكی‌، به‌ناونیشانی‌ "لالە حەکیم: قارەمانی گومناو"  بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ دقه‌كه‌یه‌تی‌:  

گەرچی خۆم لە دۆخێکی نەخوازراودام، بەتەلەفۆن پێیان راگەیاندم، کە قارەمانی گومناو ( لالە حەکیم، خەڵکی ئۆمەرگومەت) کە دۆستێکی دێرینمەو لەلایەن شەهید عەلی ساڵحەوە 1976 بۆ کۆمەڵە ڕێکخراوە، ژیانئاوایی لێکردوین. لالە حەکیم یەکێک لەباشترین تێکۆشەرەکانی ناوچەی سێگردکان بوو. 1977 کە لەو دەڤەردابووم لەگەڵ شەهیدان عەلی ساڵح، ڕێباز، شاخەوان، محەمەد عەجەم و سەید کەریم، بەردەوام نەک سەردانمان ئەکرد بەڵکو ماڵی خۆی و خزمەکانی بنکەی نهێنی شۆڕش بوون. بەشێکی ڕێکخستنی نهێنیەکان و ئەرکی خزمەتکردنی پێشمەرگەی لەسەر شان بوو. هەرگیز خۆی لە هیچ ئەرکێک نەئەدزیەوە. تەنها نمونەیەکی لالە حەکیمی گومناو ئەگێڕمەوە. 25 لەسەر 26ی مانگی 12ی ساڵی 1977، لەدێی کونە گورگی ناحیەی تەق تەق، دوو خۆفرۆش خیانەتیان لێکردین. یەکێکیان لەسەربانی ئەو ژورە لێی نوستبووین نارجۆکێکی هەڵدایە خوارەوە. خۆفرۆشەکەی تریش لەدەرگاوە مەخزەنێ فیشەکی پێوەناین. سەرەنجام پێشمەرگەیەکی قارەمان لەتەنیشت خۆمەوە شەهیدبوو. چوار کەسەکەی تریشمان بریندار بوین. بۆ بەیانیەکەی سوپا لەدەشتی کۆیە هێرشی هێنا لەسێگردکان و داربەسەر و ئۆمەرگومەت، بەهەلیکۆپتەر خۆفرۆشەکانیان ئەگێڕا، بەدوای مەفرەزەکەماندا ئەگەڕان لەداربەسەر فاروقی عەلی مەولودیان گرت. لەئۆمەرگومەتیش لالە حەکیمیان بەکۆپتەر برد، لەناو کۆپتەرەکە حەمەجەلیلی خۆفرۆش و ئەفسەری ئیستیخبارات هەڕەشەیان لە لالە حەکیم کردبوو ئەگەر شوێنی مەلا بەختیار و مەفرەزەکەیان پێنەڵێ لە کەشکەڵانی ئاسمان ئەیخەنە خوارەوە. لالە حەکیم ئەو ڕۆژە نەیزانی ئێمە لەکوێین. لەدڵسۆزی خۆیەوە وتبوی بەڵکو نەمکوژن با لەناو کۆپتەرەکە سەیری خوارەوە بکەم، بزانم لەکۆپتەرەوە سەیری خوارەوە بکەن پێشمەرگە ئەبیندرێت. کە هێرشی ئاسمانی و زەمینی وەستا دوای دوو ڕۆژ چوینە ماڵی لالە حەکیم. لەجاران زیاتر خزمەتی کردین. وتیشی ئەگەر کۆپتەر هات خۆتان گڕمۆڵە بکەن مەجوڵێن چونکە چەن بەرزبێت کۆپتەر ئەگەر بجوڵێن ئەتانبینێت.
تێکۆشەری جوامێر لەکاتی مەرگیشدا ئاوها بیر لەهاوڕێکانی ئەکاتەوە. هەزار سڵاو لەگیانی پاکی لالە حەکیمی گومناو کە بەڕاستی جوتیارێکی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ و بەئەمەک بوو. سەرەخۆشی لەمناڵەکانی و کەسوکاری ئەکەم. 
تێبینی: بۆئەوەی ڕێ بگرم لەوانەی مێژوویان نییە و مێژوو ئەشێوێنن، رەخنەی نابەجێ نەگرن، پاداشتی ئەم جوامێریەم لەدوای ڕاپەڕین داوەتەوە.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو