بافڵ تاڵەبانی: دەبێت ناکۆکییەکان وەلابنێین و کار بکەین بۆ چاکسازیی راستەقینەو خزمەتکردنی زیاتر

  2021-10-23 21:36      140 جار بینراوە        کۆمێنت

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدەباشان پێشوازیکرد لە ئیلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی روسیا لە عیراق و ئۆلیگ لیڤن، کونسوڵی روسیا لەھەرێمی کوردستان.
لەدیدارێکدا دواپەرەسەندنە سیاسییەکان، قۆناغی دوای ھەڵبژاردن، پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان و رۆڵی کورد لەحکومەتی داھاتووی عیراق گفتوگۆیان لەبارەوە کراو ھەردوولا ھاوڕابوون لەڕەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ لێکتێگەیشتن و گەیشتن بەچارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان لەپێناو سەقامگیری سیاسی و ئابووری زیاتر لەوڵات.
ھەر لەمیانی دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی روونیکردەوە، ئەم ھەلومەرجەی ھاتۆتە پێش وادەخوازێت کورد ماڵی خۆی رێکبخاتەوەو یەک وتاری یەکگرتوومان ھەبێت بۆ بەغداو یەکێتیش لەو رووەوە دەستپێشخەری دەکات و ھەماھەنگ دەبێت بۆ یەکڕیزی، تا پێکەوە سەنگی نەتەوەییمان بپارێزین و لەچوارچێوەی دەستوور شەڕی مافەکانمان بکەین و ئەم ھەنگاوەشی بەخزمەتکردنی ئامانجە باڵاکانی گەلی کورد وەسفکرد.
ھاوسەرۆک ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گۆڕانکارییەکانی ناوخۆیی و ناوچەکە ھانمان دەدات ناکۆکییەکان وەلابنێین و بەئیرادەیەکی بەھێزەوە کار بکەین بۆ چاکسازی راستەقینەو خزمەتکردنی زیاتر، لێشگەڕێین دامەزراوە رەسمییەکان ئەرکەکانی سەرشانیان جێبەجێبکەن.
سەبارەت بەپرسی رۆژئاوای کوردستان بافڵ تاڵەبانی تەئکیدی لەپشتیوانی و سەقامگیری سیاسی کردەوەو دیالۆگ و چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکانی بەفاکتەری ئارامی و ئاسایش لەناوچەکە زانی و داوایکرد لە روسیا ھەماھەنگ و پشتیوانی زیاتربن لەو رووەوە.

بابەتی زیاتر

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو